لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیلدا، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەڵاح بەردەویل، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بە هۆی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر خێوەتگەیەکی شاری خانی یونس کوژرا کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززەوە.
بەردەویل کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێکەوە کوژران، بە یەکێک لە سەرکردە سیاسییە دیارەکانی حەماس دادەنرێت کە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی فەڵەستین و وتەبێژی حەماسیش بووە.
لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، 18 کەس بە هۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رەفەح و خان یونس کوژراون.