spot_imgspot_img

نزیکەی 25 ڕۆژە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەگەیەشتووەتە غەززە

بەرپرسێکی ئاژانسی ئۆنروا ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەچووەتە ناو کەرتی غەززە.

سام ڕۆز، بەرپرس لە ئاژانسی ‘ئۆنروا’ لە غەززە ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەچووەتە ناو کەرتی غەززە، ئەمەش درێژترین ماوەیە لە دوای ئۆکتۆبەری 2023ەوە.

وتیشی: “دوای پێشێلکردنی ئاگربەست، بۆردومانێکی سەخت دەکرێتە سەر کەرتی غەززە، سەدان کەس کوژراون و بریندار بوون. وەزارەتی تەندروستی غەززەش ڕایگەیاند، نزیکەی 600 کەس کوژراون کە زیاتر لە 200 یان ئافرەت و منداڵن”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون و ناچار دەکرێن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن”.

ئەو بەرپرسەی ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، بۆردومانەکە خزمەتگوزارییەکانی پەک خستووە. جەختیشی کردەوە گەیشتن بە ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکاری و نەخۆشخانەکان بۆ خەڵک قورس بووە.

ئیسرائیل، لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە 18ی ئازار، پاشەکشەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان کرد کە 58 ڕۆژ بوو بەردەوام بوو، هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە. دواتر، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە، تا ئێوارەی پێنجشەممە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل، 591 کەس کوژراوە و 1042 کەسی بریندار بووە، کە 70%یان منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچووانن.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە