ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، لەم ھەفتەیەدا کێشەی نەوتی ھەرێم کۆتایی دێت و پڕۆسەی ھەناردەکردن دەستپێدەكاتەوە و دەشڵێت: هەرێم داوایكردووە بڕی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ زیادبكرێت.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو لهگهڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق قسهمان له بارهی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان کرد.
ڕاشیگەیاند، له كۆبوونهوهكهدا و له خاڵی یەکەم، قسهمان لەبارەی (١٦) دۆلاری کۆمپانیا نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، کە بۆ ھەر بەرمیلێک (١٦) دۆلار کێشەی لەسەرە، ئەویش پێویستە گەرەنتی ھەبێت مانگانە بۆیان خەرج بکرێت.
وتیشی، “خاڵی دووەم، ئەو قەرزەی ھەیە چارەسەر بکرێت و پرسی دانانی ڕێژەی ھەناردەی نەوت ئەویش دیاری بکرێت و لەگەڵ تورکیاش ئەوە چارەسەر کراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ئێستا کێشەی لەسەرە ئەوەیە، ھەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ چەندی پێویستە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی، پێشتر ژمارەیەکیان حیساب کردبوو دەیهوێت زیاد بکرێت بەھۆی زیادبوونی پێداویستی ناوخۆیی بۆ ئۆتۆمبێل و کارەبا و کارگەكان، بۆیە گفتووگۆ بەردەوامە لە نێوان شاندی ھەرێم و عێراق و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بگەنە ئەنجامی کۆتایی و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێتەوە، چونکە وڵاتە زلھێزەکان زۆر پێداگرن لەسەر ئەوەی دەست پێ بکاتەوە بەتایبەت ئەمریکا.