لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆرسەی ئیستەنبوڵ چەند جارێک داخستنی بەخۆیەوە بینەوە، ئەمەش لەبەر ڕاگرتنی زیاتر دابەزینی بەهای پشکەکانێتی.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بۆرسەی ئیستەنبوڵ دوێنێ هەینی دووجار داخرا، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە لەمامەڵەی دوێنێیدا نزیکەی 6٪ـی بەهاکەی لەدەستدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی دووڕۆژی ڕابردوودا زیانێکی زۆری کردووە و زیاتر لە 15% بەهاکەی لەدەستداوە، و بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری زیانەکانی نزیکبۆتەوە لە 100 ملیار دۆلار، هاوکات زیاتر لە 85 کۆمپانیای بۆرسەی ئیستەنبوڵ 20% سەرمایەکانیان لەدەستداوە.
لە 48 سەعاتی رابردوو سێ جار بۆرسەی ئیستەنبوڵ لەترسی داڕمانی بەهای پشکەکانی داخراوە، هۆکاری سەرەکی ئەم داڕمانەی بۆرسەی ئیستەنبوڵ کاردانەوەکانی دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ (ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ)یە، کەماوەی سێ ڕۆژ دەبێت خۆپیشاندانی فراوان و ئاڵۆزی بەدوادا هاتووە.
