وەزیری ڕۆشنبیری پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و دەڵێت” نەورۆز، جەژنی بەلاوەنانی ناکۆکییەکانە”.
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم، پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە. ئەمە دەقەکەیەتی:
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە نەتەوەیی و نیشتمانییە، ببێتە سەرەتایەکی تازە بۆ یەکخستنی توانا و کۆششەکانمان لە پێناو داهاتووییەکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان.
لە مێژوودا نەورۆز، جەژنی بەلاوەنانی ناکۆکییەکان و پیشاندانی هێزی مانەوە و ژیانەوە و تێکۆشانمان بووە بە ڕووی ستەم و چەوساندنەوەی سیاسیی و کولتووری و فەرهەنگیدا، بە ئەندازەیەک وەک پیرەمێردی شاعیر وێنای کردووە، لەو پێناوەدا “لاوان بە عەشق دەچوون بەرەو پیری مەرگەوە”.
لە ساڵنامە دێرینەکانی کوردستاندا، بە تایبەت ساڵنامەی هەورامیدا، نەورۆز، یەکەم مانگی ساڵی تازەیە، هەر بۆیە بەر لە هاتنی و هاوکات لە تەک دەرکەوتنی نیشانەکانی تێکشکانی زوقم و بەستەڵەکی بێ بەزەییانەی زستاندا، خەڵکی گوند و ئاواییە دێرینەکانی بەرەبەیانی مێژوو لە هەورامان جەژن و ئاهەنگی هاتنی نەورۆز دەگێڕن، ئەمەش پەیوەستە بە ساڵنامەی هیتیارییەوە کە دابینکەری ژیانی خەڵک بووە.هاوکات لەنێۆ ڕۆژمێری گەرمەسیری یارساندا لەدوای چلەی زستانەوە نەرۆزی گەرمەسێریەو و لەهەندێ ناوچەی هەوراماندا وەک دێوەزناو، چەشمیڎەر، پاڵنگان، مانگێک پێش نەورۆزی باو ئەو گوندانە بەهۆی گەرمەسێرییانەوە نەورۆز پیرۆز دەکەن.
دووبارە پیرۆز بێت جەژنی نەورۆز و بە ئومێدی ئەوەی ئەم جەژنە هاندەری یەکخستنی نێوماڵی خۆمان و سەرەتای توانەوەی بەستەڵک و چەقبەستوویی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانمان بێت.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
