ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و 100 کەسی دیکە دەستگیرکران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ لەگەڵ 100 کەسی دیکە دەستگیرکران.
میدیای فەرمی تورکیا ڕایگەیاند، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی تیرۆر و یارمەتیدانی پەکەکە، گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن و چەند دۆسیەیەکی دیکە دەستگیرکراوە.
هەرچەندە بەرگێکی یاسایی بە بەر دۆسیەکەی ئیمامئۆغڵودا کراوە، بەڵام گومان دەکرێت ئامانجی سیاسی لە پشتەوە بێت بە تایبەتیش کە چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید بکات و ببێتە ڕکابەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستا کە ئەویش بە نیازە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستەکە کاندید بکاتەوە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە دوو هەڵبژاردندا توانی بەسەر کاندیدی پارتی داد و گەشەپیدانی فەرمانڕەوای تورکیادا سەربکەوێت و پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بەدەستبهێنێت.
دوێنێش زانکۆی ئیستانبوڵ بڕوانامە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی هەڵوەشاندەوە کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات.
