پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 3 کراوە و دەشڵێت: ئەو 3%ی دەوترێت لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبڕدرێت، بەجۆرێك دەبێت، كە كارگەری لەسەر مووچە نەبێت و پێوەی دیارنەبێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ کراوە.
وتیشی، “لیستی مووچەی خانەنشینان کێشەی بۆ مووچەی مانگی 2 دروستکرد وهەر مانگە و کەسێک لە بەغداد کێشە بۆ مووچە دروست دەکات”.
سیپان شێروانی دەشڵێت: هەژماری من هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تەوتین نییە.
ئاشكراشی كرد، شاندی هەرێم و عێراق ڕێككەوتوون كە ئەو 3%ی لێبڕینی مووچە لە عێراق هەبووە كە 10% بووە و لە هەرێم 7% بووە بەجۆرێك ببڕێت كە كاریگەری لەسەر فەرمانبەران نەبێت و خانەنشینی هەرێمیش وەك عێراق بە هاوتایی دابەش بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر عێراق دەیەوێت كیشەی نەوتی هەرێم چارەسەر بكات، دەبێت گرنتی بە كۆمپانیا نەوتییەكان بدرێت و میكانیزمێكی دیاری كراو هەبێت بۆ پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان.
ڕاشیگەیاند، ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق لەبارەی نەوتەوە نادیارە، بۆیە دەبێت یاسای نەوت و فیدڕاڵی دەربكرێت بە پشت بەستن بە دەستوور و هەرێمی كوردستان مافەكانی خۆی وەربگرێتەوە.
