پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، یەکێک لەو هاووڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردووە بڕی (12 هەزار دۆلار)ی بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی ڕازی نەبووە، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت سەبارەت بە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆی خۆیان بووە.
سەبارەت بە وردەكاری سیناریۆكە ڕوونی كردۆتەوە، “یەکێک لەو هاووڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردووە بڕی (12 هەزار دۆلار)ی بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی ڕازی نەبووە، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمار کردووە، کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە، گرتەکەشی ناردووە بۆ خێزانەکەی بۆئەوەی داوا بکەن لەو کەسەی کە بەبارمتەیان گرتووە، تا بڕی پارەکە نەنێرن، ئازاد ناکرێت”.
دەشڵێت: دوای لێکۆڵینەوەکان، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆیە، بۆیە لە ئێستادا خۆی و هاوڕێکانی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.
