spot_imgspot_img

ئەندازیاری مەرگ و تاوانبارێکی هەڵاتوو

لەساڵانی سەختی شەڕی سووریادا، ناوی مەیجر جەنەراڵ جەمیل حەسەن، وەک هێمای ستەمکاری سەریهەڵداو هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند.

بێبەزەییانە بۆ سەرکوتکردن و کپکردنی دەنگی نەیارانی ئەسەد کاریکردووە.

حەسەن کە بۆ دەیان ساڵ ڕەمزی ستەم بوو، لە دوای ڕووخانی ڕژێم، بووە تاوانبارێکی هەڵاتوو، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا شوێنی نادیارە.

جەمیل حەسەن کێ یە؟

جەمیل حەسەن لە ساڵی ١٩٥٢ لە شارۆچکەی ئەلقەرنیەی حومس لەبنەماڵەیەکی عەلەویی لەدایکبووە.

بەشداریی سەرەتایی لە بواری سەربازیدا هاوکات بوو لەگەڵ هاتنی حافز ئەسەد بۆ سەر دەسەڵات لەڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە لە ساڵی ١٩٧١.

جەمیل حەسەن لەساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی بە کۆلێژی سەربازییەوە کردووە، لەوێ تایبەتمەند بووە لەبواری بەرگری ئاسمانی، لەو کاتەوە پلە بە پلە بەرپرسیارێتی وەرگرتووە تا لەساڵی ٢٠٠٩دا گەیشتە پلەی مەیجر جەنەراڵ.

لەمانگی تەمموزی هەمان ساڵدا وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری هێزی ئاسمانی، لە شوێنی مەیجر جەنەراڵ عەبدولفەتاح قودسییە دەستنیشانکرا.

ئەم دامەزراندنە تەنها پلە بەرزکردنەوە نەبوو، بەڵکو دەستراگەیشتن بوو بە یەکێک لە مەترسیدارترین و سەرکوتکەرترین دەزگا ئەمنییەکان، کە دواتر بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن بەکاریهێنا.

پێش ئەم پۆستە، حەسەن پۆستی هەستیاری دیکەی هەبووە، لەوانە جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری هێزی ئاسمانی و بەرپرسی لقی هەواڵگری هێزی ئاسمانی بوو لەڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

عەقڵیەتی سەرکوتکەر و بیرۆکەی خوێن

جەمیل حەسەن تەنها بەرپرسێکی باڵای ئەمنی نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لەنزیکترین ڕاوێژکارەکانی بەشار ئەسەد، ڕێبازی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی سووریای لە هەموو وردەکارییەکدا بەرجەستە کردبوو، لێدوانەکانی ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتێکی خوێناوی بوو کە توندوتیژی وەک تاکە چارەسەر بۆ سەرکوتکردنی هەر دژایەتییەک دەبینی.

جەمیل حەسەن بەو لێدوانانە ناسرابوو کە بەهای ژیانی مرۆڤی نەدەزانی، بەڵکو شانازی بە دڕندەیی ئەو دەسەڵاتە دەکرد کە خزمەتی دەکرد.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی ڕووسی لە ساڵی ٢٠١٦، وەڵامدانەوەی ڕژیمی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١ بە ناتەواو زانی و داوای بەکارهێنانی ڕێگاکانی هاوشێوەی کۆمەڵکوژیی حەمای لە ساڵی ١٩٨٢دا کرد، کاتێک ڕژێم لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەیان هەزار کەسی مەدەنی کوشت.

ترسناکترین لێدوانی لە کاتی پەیوەندییەکی دزەپێکراودا بوو لەگەڵ بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٢دا، کە تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش ئاشکرا کرد.

حەسەن بە ئەسەد دەڵێت: با ملیۆنێک خۆپیشاندەر بکوژم بۆ ئەوەی کۆتایی بەم شۆڕشە بهێنم، پاشان بە ناوی ئێوەوە دەچمە لاهای.

ئەم قسانە تەنیا هەڕەشە نەبوون؛ بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ئاشکرای فەلسەفەی دەسەڵاتێک بوو کە ئامادەیە بۆ قڕکردنی گەلەکەی تا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

بۆمبی بەرمیل.. بیرۆکەی مردنی بەکۆمەڵ

جەمیل حەسەن بیرۆکەی بەکارهێنانی بەرمیلی تەقەمەنی وەک شێوازێکی سەرکوتکردن دەزانێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ناوبراو ڕێنمایی دەرکردووە بۆ دانانی کارگەی بەرمیلی گازی کلۆر لەناو فڕۆکەخانە سەربازییەکانداو بەکارهێنانی ئەو فڕۆکەخانانە بۆ دەستپێکردنی هێرشی چەکی کیمیایی.

ئەم چەکە سەرەتاییە کوشندەیە، پڕ بوون لە تەقەمەنی خام تێکەڵ بە پارچە ئاسن و بزمار، دروستکردنیان سادە و هەرزان بوو، توانای یەک بەرمیل یەکسان بوو بە نزیکەی حەوت گوللە هاوەن، ئەمەش وایکردووە کە ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ تیرۆر کاتێک بەسەر گەڕەکە قەرەباڵغەکانی نیشتەجێبووندا بەردەدرانەوە.

بەوتەی شارەزایانی سەربازی، کێشی یەک بەرمیل لە نێوان ١٥٠ بۆ ٦٠٠ کیلۆگرامدایە، بەمەش ناوچەی ئامانجکراو دەکاتە ناوچەی وێرانکراو، بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لەنێوان کەسانی مەدەنی و چەک بەدەستدا هەبێت.

ئەم بەرمیلانە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە هێلیکۆپتەرەکانەوە دەخرانە خوارەوە، بە شێوەیەک دروستکرابوون کە زۆرترین زیانی گیانییان لێ بکەوێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕژێمی سووریا لەمانگی تەمموزی ٢٠١٢ تا مانگی نیسانی ٢٠٢١ لە ماوەی ٩ ساڵدا، زیاتر لە ٨٢ هەزار بەرمیل بۆمبی فڕێداوەتەخوار.

بەڕێوەبردنی مردن، لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن

میراتی جەمیل حەسەن تەنیا لە بەرمیلە تەقینەوەکاندا سنووردار نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ بەڕێوەبردنی سیستمێکی ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی لەناو زیندانەکانی هەواڵگری هێزی ئاسمانی.

بەپێی ئیفادە بەڵگەدارەکان، دەستگیرکراوەکان تووشی ترسناکترین جۆرەکانی ئەشکەنجەدان بوون، لەوانە دەستدرێژیکردن، برسیکردن و لێدان تا مردن.

قەبارەی ئەم دڕندەکارییانە بە وێنەکانی “قەیسەر” پشتڕاستکرایەوە، کە فۆتۆگرافەرێکی سەربازیی بوو و لە ساڵی ٢٠١٣دا لە سووریا هەڵات، کە ٥٥ هەزار وێنەی تەرمی ئەو دەستگیرکراوانەی بەڵگەدار کردووە کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراون.

لەگەڵ دەرکەوتنی بەڵگەی یاسایی، بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی جەمیل کرا، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دادگاکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا فەرمانی دەستگیرکردن و سزای هەتاهەتایییان بۆ دەرکرد بەتۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی.

سەرەڕای دڵسۆزی ڕەهای جەمیل بۆ ڕژێمی سووریا و ڕۆڵی سەرەکی لەهەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا، بەڵام خزمەتەکانی سەرکەوتوو نەبوون لە پاراستنی پێگەی خۆی لەناو بازنەی دەسەڵاتدا.

لە ساڵی ٢٠١٩ بەشار ئەسەدی سەرۆکئەسەد کۆماری هەڵاتووی سووریا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی.

جەمیل حەسەن تەنیا جێبەجێکاری فەرمانەکان نەبوو، بەڵکو عەقڵێک بوو کە ئەندازیاری ڕێڕەوێکی دڕندانەی سەرکوتکردن بوو، بیرۆکە و لێدوانەکانی ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتێک بوون کە ئامانجی قڕکردنی نەیارەکانی بوو.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە