دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا گەیشتە هەولێر و بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كوردستان كۆببێتەوە.
ئەمڕۆ یەك شەممە، ئالپ ئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكوور كۆبووەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، “ئێوارەی ئەمڕۆ ئالپ ئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بە یاوەری باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و شاندێکی باڵا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەخت.”
ئاماژەی بەوەشداوە، كە “لەلایەن کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت و هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە فەرمانگە پێشوازیان لێکرا.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە “بڕیارە وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان کۆببێتەوە.”
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئامادەكاری كراوە بۆ دەستپێكردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.

