سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە سەر داوای هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان بوو کە ١٦ی٣ بکرێتە پشوو، کەچی هەرێم پێوەی پابەند نەبوو، دەشڵێت: عەیبەیەكی گەورەیە بۆ هەرێم.
سۆران عومەر لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاند، ئێمە وەكو سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق هەوڵی زۆرماندا تاوەكو ڕۆژی كیمیابارانی هەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس لە هەرێمی كوردستان و عێراق بكرێت بە پشوو و بچێتە ناو پشووە فەرمییەكانی عێراقەوە.
ڕاشیگەیاند، پێمان سەیرە حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای دەرچوونی یاسای بۆنە فەرمییەكان لە عێراق كە 16ی 3 لە عێراق ببێتە پشوو، بەڵام لە هەرێم نەبێتە پشوو!
وتیشی، “ئەمە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ هەرێم و فراكسیۆنەكانی عێراق پێمان بڵێن ئێوە بە ئێمەتان كرد بە پشوو، بەڵام خۆتان ئامادەنین ڕێز لە ڕۆژی قوربانییەكانی خۆتان بگرن و بیكەن بە پشوو”.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڕاستی بەداخەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نازانین چی بەهانەیەكیان هەیە لەكاتێكدا بە یاسا لە عێراق لەسەر داوای هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەو ڕۆژە كراوە بە پشوو”.