37 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێپەڕدەبێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئازار، 37 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی پشووی بەعسدا تێپەڕ دەبێت، کە بەهۆی ئەو تاوانەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون و چەندان برینداری تریشی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 16ی ئازاری ساڵی 1988، دەنگی فڕۆکە هەموو شاری هەڵەبجەی داگیر کردو فڕۆکەکان بەسەر شارەکەدا دەفڕین، ئەوەی لەو فڕۆکانە دەکەوتە خوارەوە بۆمب بوو شارەکەی وێران دەکرد، بۆنی سێو بوو خەڵکەکەی لەناودەبرد.

چی بۆ هەڵەبجە کراوە؟

ڕێکخراوی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتی لە مانگی ئابی ساڵی 2013 تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند هەڵەبجەشی بە سێیەمین ناوچەی کارەساتبار لە مێژووی رێکخراوەکە ناساند. ئەو کاتە سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا و واش بڕیاربوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەر بکەن تا لەوێ بە جینۆساید بناسێندرێت، چونکە رێکخراوەکە 157 وڵات و پێنج هەزار و 712 سەرۆک شارەوانی ئەندامن تیایدا، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی نەبووە و لە دنیادا تاوانی دژبە هەڵەبجە وەک جینۆساید دانی پێدا نانرێت.

یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە 21ی 12ی 2028 ئەنجامدرا. لە 17ی 1ی 2010 دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر عەلی حەسەن مەجیدی ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای ڕژێمی بەعس و ئامۆزای سەدام حوسێندا؛ درا و لە 25ی 1ی 2010 دا سزاکەی بەسەردا جێبەجێکرا.

پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکە و لە 28ی شوباتی 2010، پاش 34 دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا.

بۆ ئەو مەبەستە هەریەک لە (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادران. پەڕلەمانی عێراقیش لە 17ی ئازاری 2011، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 44، بە بریاری ژمارە 12کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە. هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، کۆنگرێسی ئەمریکا و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە جینۆساید ناسێنراوە.

زیاتر لە 700 برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و زیاتر لە 500 یان لە دۆخێکی تەندروستی سەختدان، بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، دوای کیمیابارانکردنی ناوچەکە، رێژەی لەبارچوونی منداڵ، شێرپەنجەی قۆڵۆن، نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەکانی تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی پێست و چاو، گرفتی نەخۆشییەکانی زاوزێ، زیادیان کردووە.

هێشتا چەندین خێزانی هەڵەبجە منداڵەکانیان ونن و هیچ سۆراغێکیان نازانن، لە ساڵانی ڕابردوودا چەند کەسێک دۆزرانەوە کە دەوترا لە منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەن و بە پشکنینی “دی ئێن ئەی” خێزانەکانیان دۆزرانەوە، دووان لەوانیش لەرێگای پشکنینەکانەوە دەرکەوت هەمان ئەو منداڵانە نین کە خێزانەکانیان بە دوایاندا دەگەڕێن.

ئێستاش دوای 37 ساڵ بەسەر کارەساتەکە، هەڵەبجەییەکان بەدەست کەمی خزمەتگوزاری و سستی بەرەوپێشچوونی شارەکەوە دەناڵێنن، بەجۆرێک دوای بەرکەوتنیان بە چەکی کیمیایی تا ئێستا هیچ بنکەیەکی تایبەتی چارەسەری نەخۆشیە بۆماوەییەکانیان بۆ نەکراوەتەوە.

ساڵانە لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەرپرسان چەندین بەڵێن دەدەن، بەڵام وەک زۆرینەی بەڵێنەکانی دیکەی حکومەت، لەگەڵ گۆڕانی رۆژ بۆ 17ی ئازار، بەڵێنەکانیش لەبیردەچنەوە و جێبەجێناکرێن. خەڵکی هەڵەبجە باس لەوەدەکەن، نە هەلی کار و نە پڕۆژەی وەبەرهێنان و نە بازرگانی و نە کەرتی گەشتیاری گرنگی پێنەدراوە و بەدەست کەمی فەرمانبەر لە فەرمانگەکاندا دەناڵێنن، گەنجان گرفتی نەبوونی کار و هەلی کاریان هەیە.

شارەکە گرفتی نەبوونی خزمەتگوزاریی هەیە هەروەها، ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر بێئومێدی ڕوودەکاتە خەڵکی هەڵەبجە، ئەو ئیرادەیە نییە کە ساڵانە زیاتر شارەکە ببرێتە پێش و لە سەرەتاوە وەک پێویست خزمەتی هەڵەبجە نەکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم تەنانەت رۆژێکیان بەڕەوا پێ نابینێت کە بیکات بە پشوو بۆ ئەم کارە ساتە مێژوویە، حکومەتی عێراق ئەمڕۆی کردە پشوو لەسەرجەم دام و دەزگاکاندا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە