شەپۆلێکی بەهێزی باران بارینی چەند ڕۆژە بەشێوەی ناو بەناو بەڕێوەیه و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: باران و تەرزە و بەفر دەبارێت و ئەو گەرمایەی ئەم ماوەیەش زیاتر شەپۆلەكە بەهێز دەكات.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەمەودای 19 بۆ 24 ی ئەم مانگە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی بەهێز و چالاکی دەریای ناوەڕاستەوە، کەشەپۆلێکی باران و بەفر بارین و هەورە بروسکە و تەرزەی لێدەکەوێتەوە بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکان.
ڕاشیگەیاند، ئەم نزمە پاڵە پەستۆیه دروست دەبێت لەئەنجامی هاتنی تەوژمە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکور بۆ سەر دەریای ناوەڕاست کەدوای هاتنی بۆ سەر دەریا و دواتر دەگاتە ناوچەکانمان بەشێداری زیاتر بەکاریگەری کەمتر تەوژمە هەوایه ساردەکە دێت، چونکە کاتێک بەسەر دەریادا دەگاتە ناوچەکانمان هێزی ساردیەکەی لەدەست دەدات و کەمدەبێتەوە زیاتر شێدار دەبێت.
ڕوونیشی كردەوە، بڕێک شێی گەرمۆکەیی دەریای سور و مەداری ناوچەیی کەمەرەیی تێکەڵ بەشەپۆلەکە دەبێت و بەوهۆیەوە دەبێتە شەپۆلێکی گشتگیر و سەرتاسەری بۆ هەموو ناوچەکان و ڕێژەیەکی دڵخۆشکەر و زۆر باشی باران پێوە دەبێت.
وتیشی، “ئەم شەپۆلە ئەگەری بەهێزتر بوونی زیاتری هەیە وەک لەوەی ئێستا بەهۆی ئەو گەرمیەی ئەم ماوەیە و ڕۆژانی داهاتوو، هەروەها کاریگەری تۆپەڵە هەوای شێداری مەداری و دەریای سوریش لەسەری”.
