پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، هاوشێوەی كارەبا، نەخۆشخانە و خوێندنگە و ئاو گران دەكەن لەسەر هاووڵاتیان و دەشڵێت: شتێک نامێنێت بەناوی خزمەتگوزاریی گشتی و ئەوەش ژیان بۆ خەڵك دەكات بە مردن.
گومەر گوڵپی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا، نرخی یەکەیەک کارەبا (واتە: کیلۆ واتێک بۆ كاتژمێرێك) بۆ ماڵان، تەنها (١٨) دینارە، نابێت لەوە زیاتر بکرێت و وەزارەتی کارەبا و لایەنەکانی دەسەڵات دەیانەوێت بە پاساوی لابردنی مۆلیدە، نرخی کارەبای مۆلیدە کە (٢٠،٠٠٠) دینارە بۆ ئەمپێرێک بەناوی کارەبای حکومەتەوە بۆ هەمیشە بەسەر هاووڵاتیاندا بسەپێنێت!
دەشڵێت: ئەمە بچێتەسەر، ماوەیەکی تر دێن دەڵێن: ئێمە ئامادەین نەخۆشخانەکانی حکومەت وا لێبکەین خەڵک ناچار نەبێت بچێت بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی، تەنها هاوشێوەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان پارە بدەن بە ئێمەش!
ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستەدا هەزاران ماڵ بەهۆی کەمی یان نەبوونی ئاوی حکومەتەوە، ناچارن لە مانگێکدا دوو تا سێ تەنکەر ئاو بکڕن بە (٤٠ هەزار دینار)! دەکرێت دەسەڵات بەناوی حکومەتەوە بێت بڵێت: “کاکە خۆ ئێوە هەر ئاو دەکڕن، وەرن لە ئێمەی بکڕن، ئەوەی ئێمە پاکترە و لە کۆڵ ئاوی پیسی تەنکەر دەبنەوە!”.
گوڵپی جەختیشی كردەوە، “ڕێک ماوەیەکی تر بۆ ئاوی خواردنەوەش وا دەکەن، بۆ قوتابخانەش وادەکەن، بۆ ڕێگاوبانیش وادەکەن، ئیتر شتێک نامێنێت بەناوی خزمەتگوزاریی گشتی ! ئەمەش تەنها خێزانە ئاساییەکان و ماڵە هەژارەکان زەرەری لێدەکەن و ژیان بۆیان دەبێت بە مردن”.
عومەر گوڵپی داوا دەكات، “با هەموو ڕێبگرین لەم سیاسەتە چەوتە، لەبەر یەک هۆکاری سادە، ئەویش ئەوەیە: هەموو شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەین لە وڵاتەکەی خۆمان، پێویستە خزمەتگوزاریی گشتی بە نرخێک بێت هەموو هاووڵاتیەک بتوانێت بەکاریبهێنێت”.
