ئەنەکەسە هەڵوێستی لەسەر دەستووری نوێی سووریا ڕاگەیاند

دوابەدوای ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان “باكووری سووریا” كە دەستووری نوێی سووریایان ڕەتكردەوە، كە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە پەسەندكرا، ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا “ئەنەكەسە”ش ئەو دەستوورەی ڕەتكردەوە.

ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنەكەسە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سروشتی فرەڕەنگی سووریای پشتگوێ خستووە، هەروەها ڕاستی ناسنامەی وەک دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و ئایین، و مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پێکهاتەکانی دابین نەکردووە، بەڵکو تەنها یەک ناسنامەی نەتەوەیی لە ناونانی دەوڵەتدا چەسپاندووە، کە پەراوێزخستنێکی ئاشکرایە بۆ پێکهاتەكان.

ڕاشیگەیاندووە، سیستەمی حوکمڕانی ناوەندی بەهێز کردووە و دەسەڵاتی فراوانی داوە بە سەرۆک کۆمار، بەبێ گەرەنتی روون بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان یان دەستەبەرکردنی هاوسەنگی دامەزراوەیی، کە ترسی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆریەت بە شێوازی نوێ دروست دەکات.

دەقی راگەیەندراوی ئەنەکەسە:
ئێمە سەرسام بووین بە ڕاگەیێندراوە دەستوورییەکەی کە لە دیمەشق لە 13ـی ئاداری 2025 دەرچوو، کە زۆر ناهومێدکەر و دوور لە چاوەڕوانییەکان بوو بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی فرەڕەنگی کۆمەڵگای سووریا بێت. ئەم ڕاگەیێندراوە لەلایەن لیژنەیەکەوە ئامادە کراوە کە نوێنەرایەتی پێکهاتە سیاسی، نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان ناکات، بۆیە هەموولایەنگیری و تەبایی نیشتمانی لە دەست داوە و بووەتە هۆی بەردەوامبوونی چەمکی پەراوێزخستن و مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات.

ڕاگەیێندراوەکە سروشتی فرەڕەنگی سووریای پشتگوێ خستووە، هەروەها ڕاستی ناسنامەی وەک دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و ئایین، و مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پێکهاتەکانی دابین نەکردووە، بەڵکو تەنها یەک ناسنامەی نەتەوەیی لە ناونانی دەوڵەتدا چەسپاندووە، کە پەراوێزخستنێکی ئاشکرایە بۆ پێکهاتە دیکەکان. هەروەها پێچەوانەی بنەمای بێلایەنی دەوڵەت لە ئایینەوە، بە مانەوەی مەرجی ئایینی سەرۆک کۆمار، کە پێچەوانەی بنەماکانی هاووڵاتیبوونی یەکسانە کە دەبێت بنەمای هەر سیستەمێکی دیموکراتی بێت.

لەوەش زیاتر، راگەیێندراوەکە سیستەمی حوکمڕانی ناوەندی بەهێز کردووە و دەسەڵاتی فراوانی داوە بە سەرۆک کۆمار، بەبێ گەرەنتی روون بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان یان دەستەبەرکردنی هاوسەنگی دامەزراوەیی، کە ترسی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆریەت بە شێوازی نوێ دروست دەکات. هەروەها ماددەکانی کۆت و بەندی زیاتری لەسەر ئازادییە مەدەنی و تاکەکەسییەکان دەگرێتەوە، و ڕۆڵی ژنی تەنها لە پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیدا سنووردار کردووە، کە دەیکاتە درێژەپێدەری ڕێبازی زۆرداری و بەرتەسککردنەوەی کۆمەڵگا.

هەروەها دیاریکردنی قۆناغی گواستنەوە بە پێنج ساڵ بەبێ گارانتی بۆ بەشداریکردنێکی دادپەروەرانە، دەیکاتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی واقیعی ئێستا لە جیاتی ئەوەی پێشەکییەک بێت بۆ گۆڕانکارییەکی سیاسی ڕاستەقینە، ئەمەش قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە لە جیاتی چارەسەرکردنی.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئەم ڕاگەیێندراوە بە هەنگاوێکی دیکە دەبینێت بەرەو چەسپاندنی تاکڕەوی و مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات، کە پێویستی بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە هەیە لە هەموو هێزە نیشتمانی، دیموکراتی و نەتەوەییەکانەوە بۆ کارکردن لەسەر پێداچوونەوەی، بۆ دەستەبەرکردنی فرەیی سیاسی و نەتەوەیی. هەروەها ئەنجوومەن پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بە خەبات بۆ چارەسەرێکی دیموکراتی و دادپەروەرانە بۆ دۆزی کورد وەک دۆزی گەلێکی ڕەسەن، لە چوارچێوەی سووریایەکی نامەرکەزی کە مافی هەموو ڕۆڵەکانی دابین بکات و دادپەروەری و یەکسانی لە نێوانیاندا بێنێتە دی.

قامشلۆ، 14ـی ئاداری 2025
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە