بۆچی جوولەکەکان ناوی بنەماڵە ڕەسەنەکانیان گۆڕی؟
دیاردەی گۆڕینی ناو لای جولەکەکان شتێکی نوێ نییە، دەیان ساڵ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، تیۆدۆر هێرزل، دامەزرێنەری زایۆنیزمی سیاسی مۆدێرن، یەکەم جوولەکە بوو کە هەستا بە گۆڕینی ناوی ڕاستەقینەی خۆی و ناوی بنیامین زێیڤی هەڵبژارد.
تیۆدۆر هێرتزل (بنیامین زێیڤ) بە باوکی ڕۆحی زایۆنیستەکان دادەنرێت ئەو لەساڵی ١٨٩٧دا سەرکردایەتی یەکەمین کۆنفرانسی زایۆنیستی لە شاری بازلی سویسرا کرد کە بڕیاری بۆ دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی لە فەلەستین بۆ گەلی جوولەکە دەرکرد و هانی کۆچکردنی بۆ فەلەستین دا.
لە ساڵی ١٩٤٨، و دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، حکومەتی کاتی ئەوکات پێشنیاریکرد؛ هاووڵاتیانی ئیسرائیلی کە ناوی بیانییان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لەوڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە دێن، دەستبەرداری ناوەکانیان بن و ناوی نوێی عیبری لەخۆیان بنێن بۆ زیاتر چەسپاوی رۆحی زایۆنی لەدەوڵەتە نوێکەیاندا.
ناوەکانیان بۆچ ناوێک گۆڕی؟
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، کە لەڕۆژنامەی ئینتەرناشناڵ ڕیڤیو ئۆنۆماسکدا بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری ئیسرائیل دەستیکردووە بەپێشنیاری ئەو نازناوانەی کە کەسایەتییە دامەزرێنەرەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل وەریانگرتووە، یان ئەو ناوانەی لە نازناوی کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەمە وەرگیراون و ماناکانیشیان لەناوە جوگرافییەکانی وەک شاخ و ناوچە بیابانییەکانی وەک سینا هاتووە، ئەمە جگە لە ناوی هەندێک ئاژەڵی وەک گورگ و شێر.
لە کاتێکدا هەندێک لە سەرکردەکانی دیکەی بزووتنەوەی زایۆنیی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ناوێکیان هەڵدەبژارد کە بە زمانی عیبری بێت و ئاسان بێت لەسەر زار.
دیارترین نموونەی ناو گۆڕین یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە، “دەیڤید بن گوریۆن”، کە پێی دەوترا گرین(ڕەنگە لە وشەی گرونەوە وەرگیرابێت، کە بە زمانی ئەڵمانی بە واتای سەوز دێت، دوای نیشتەجێبوونی لە فەلەستین، ناوی بن گوریۆن(کوڕی بەچکە شێر)ی هەڵبژارد، ئەم نازناوەش لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ئیسرائیلییەوە لە دوای ئەوەوە وەرگیراو لە نەوەکانیان نا.
یەکەمین وەزیری دادی ئیسرائیل، پینچاس ڕۆزن کە ناوی ڕاستەقینەی فیلیکس ڕۆزنبلوت بوو، لە ئەڵمانیاوە کۆچی کرد بۆ فەلەستین و گۆڕینی ناوەکەی هەڵبژارد.
یەکەم کەسایەتیی جولەکەکان کە ناوەکەی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا گۆڕی، زانای بواری زمانەوانی و شارەزای کتێبی پیرۆز، هاری تۆرچینەر بوو کە لە ئۆکراینەوە کۆچی کرد بۆ فەلەستین و ناوی خۆی بۆ نەفتالی هێرز تۆر سینا گۆڕی، کە بە زمانی ئارامی بەواتای(چیای سینا) دێت.
لەنێو ئەو کەسایەتییە جولەکانەی کە ناوە نوێیەکەیان لەزمانی ئارامییەوە وەرگرتووە، ڕابی مێیر بەرلین هەیە، کە بەرلینی گۆڕیوە بۆ بار ئیلان کە بە زمانی ئارامی بە واتای کوڕی دار دێت.
هەروەها هەندێک لە زایۆنیەکان کە ناوی بنەماڵە ڕاستەقینەکانیان بە وشەی “زێڕ” دەست پێدەکات، بۆ نموونە:(گۆڵدبێرگ گۆڵدشتاین، گۆڵدشمیتا)، ناوەکانیان گۆڕیی بۆ ناوێک کە بە “گۆلان”(بەرزایی جۆلان) دەست پێدەکات.
لە ٧ی ئازاری ١٩٤٩ یەکەم وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەناوی مۆشێ شارێت هەڵبژێردرا و یەکەم وەزیری ئابووریش ئەلیزەر کاپلان ناوی ڕاستەقینەی خۆیان گۆڕی کە لە ئۆکراینەوە هاتبوون.
تا ئەمڕۆش، یاسای ئیسرائیل مافی ئەوە بە هەر هاوڵاتییەک دەدات کە لە وڵاتەکەیدا نیشتەجێیە ٧ ساڵ جارێک ناوی خۆی بگۆڕێت، بە مەرجێک ناوەکان عیبری بن.
لە بن گوریۆنەوە تا ناتانیاهۆ
هەموو ئەو سەرۆک وەزیرانەی کە لە دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ەوە هاتوون، ناوی ڕەسەنی خۆیان گۆڕیوە.
دەیڤید بن گوریۆن، یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی بوو، لە شاری پلۆنسک (لە یەکێتی سۆڤیەت) لەدایک بووە، ناوی ڕاستەقینەی دەیڤید گرین یان دەیڤید گرێنز بووە و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ بن گوریۆن کاتێک دەستی بە کاری سیاسی کردووە.
مۆشێ شارێت، ئۆکراینییە و لە خێرسۆن لەدایک بووە، ناوی ڕاستەقینەی بەپێی ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی مۆشێ شارێتەو ئەو و خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٠٦ لە ئۆکراین کۆچیان کردووە بۆ فەلەستین لە سەردەمی داگیرکاریی عوسمانیدا.
لیڤی ئێشکۆل، سێیەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە شاری کیێڤی ئۆکراین لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩١٤ کۆچی کردووە، بەپێی ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی ناوی ڕاستەقینەی لیڤی ئیسحاق شکۆڵنیکە.
یگال ئالۆن، چوارەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناوی ڕاستەقینەی یگال بیکۆڤیچە لە جەلیل لەدایک بووە، بەڵام دایک و باوکی لە ڕووسیاوە هاتوون کاتێک ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزرا.
گۆڵدا ماێیر پێنجەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تاکە ژنە کە تا ئێستا ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئۆکراینییەو خەڵکی کیێڤە، ناوی ڕاستەقینەی گۆڵدا مابۆڤیچە.
ئیتزاک ڕابین، شەشەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئۆکراینی بوو و خێزانەکەی لە سەردەمی داگیرکاری بەریتانیادا ڕوویان لە قودس کرد.
مێناچێم بیگین، حەوتەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بیلاڕووس لەدایک بووە، ناوی ڕاستەقینەی مێناچێم وۆڵفۆڤیچ بیگینە، ناوی یەکەمی لە ناوی بنەماڵەکەی لابردووە.
ئیتزاک شامیر، سەرۆک وەزیرانی هەشتەم، ناوی ڕاستەقینەی یتزاک جێرنیکییە، لە ساڵی ١٩٣٥ کۆچی کردووە بۆ فەلەستین و ناوی خۆی گۆڕیوە.
شیمۆن پێرێس، نۆیەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە ڕەچەڵەک پۆڵەندییە و ناوی ڕاستەقینەی شیمۆن پێرسکییە.
ئاریێل شارۆن بە ڕەچەڵەک پۆڵەندییە، باوکی شموێل شاینەرمانە، کە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەتی، بەڵام گۆڕی بۆ شارۆن کە ناوێکی خێزانییە لە ئیسرائیلدا.
بنیامین ناتانیاهۆ پۆڵەندییە، ناوی ڕاستەقینەی ناتانیاهۆ میلیکۆڤسکی و باوکی بنزیۆن میلیکۆڤسکی.
ئەیهود باراک بە ڕەچەڵەک لیتوانیە و ناوی ڕاستەقینەی ئەیهود برۆگە.




