سەرچاوە ئاگادارەکان چەند خاڵێکیان لە ڕێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرح ئاشکراکرد و دەڵێن” هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک سوپای دووەم دەچنە ناو سوپای سووریای نوێ”.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات”هەسەدە” بڵاویکردەوە، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی کاتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک کراوە لەوانە:
- یەکینەکانی پاراستنی گەل هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک سوپای دووەم دەچنە ناو سوپای سووریای نوێ، و ئەم پێکهاتەیەش پلانی بۆ دانراوە لە 3 فەیلەق + 1 فیرقەیەک کۆبکرێتەوە.
- کۆنترۆڵی ئەمنی لەسەر بنەمای ناوچە سەربەخۆکان و کانتۆنەکان درێژدەکرێتەوە جگە لەوەش هەر 56 هەزار ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک “پۆلیسی هەرێم”ی فەرمی لە ناوچەکان ئامادەبوونیان رادەگەیەندرێت.
- سامانە ناوخۆییەکانی وەک نەوت و گازی سروشتی کە تا ئێستاش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، لەگەڵ دیمەشق دابەشدەکرێت، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی دیکەی وەک گومرگ و باجی بەرهەمهێنان لەگەڵ دیمەشقدا هاوبەش بکرێت.
- بەڕێوەبردنی زیندانەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هاوکاری لەگەڵ سوپای نوێی سووریا دەبێت، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەش بۆ سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە دادەمەزرێت.
