بودجەی ئەمساڵی عێراق دەگاتە 200 ترلیۆن دینار کە دوو لەسەر سێی ئەو پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی تەرخان دەکرێت.
موزهیر محەمەد، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق دەگاتە نزیکەی 200 ترلیۆن دینار و کورتهێنانەکەشی بە 64 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە کورتهێنانەکە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە ئەگەرهاتوو نرخی نەوت بۆ کەمتر لە 70 دۆلار دابەزی یاخود بڕی هەناردەکردنی نەوت بۆ خوار 3.4 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە دابەزی.
موزهیر محەمەد ڕاشیگەیاند، 68-70٪ی بودجەکە بۆ بەشی بەکاربەر تەرخانکراوە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتیشی پێ دەستەبەرکراوە. ڕوونیشیکردەوە کە سەرچاوەی داهاتی نزیکەی 8 ملیۆن هاووڵاتی لە حکومەتەوەیە کە ئەوەش ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە دابینکردنی بژێوی نزیکەی 40 ملیۆن کەسدا هەیە.
ڕۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، حکومەت خشتەکانی بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنیرێت.
