عەلەوییەکان، کێن و باوەڕیان بەچی یە؟

یاخی بوون یان تۆڵە کردنەوە

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ناوچە کەنارییەکانی سووریا، کە عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن، ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی بووەتەوە کە لەو ماوەیەدا سەدان ژن و منداڵ لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی پەیوەست بە ئیدارەی نوێی سووریاوە کوژراون..

کوشتنی هاووڵاتیانی عەلەوی، دوای ئەوەهات، کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە ڕژێمی پێشوو لە پارێزگای لازقیە هاتە ئارا، جێیەک کە زۆرینەی هاووڵاتیانی عەلەوییەکانی تێدا نیشتەجێیە، ئەو کەمینە ئایینییەی کە سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی ڕژێمی سووریایە.

کوشتاری بەربڵاو ناوچەکانی جەبلە و بانیاس و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ناوچە عەلەوییەکانی گرتەوە.

تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە سووریا پڕ بوون لە وێنە و نامەی کۆچی دوایی هاووڵاتیانی ناوچەی کەنارییەکان، کە بە وتەی خۆیان بەدەستی چەکدارانی سەر بەگرووپە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی کاتی سووریا کوژراون.

بەرپرسانی سووریا لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا دانیان بە “پێشێلکاری”دا ناوە و ئەوانیشیان خستووەتە ئەستۆی کەسانی ناڕێکخراو لە خەڵکی مەدەنی و چەکداری گرووپەکان کە یان ویستوویانە پاڵپشتی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بکەن یان لەناو پشێوی شەڕەکاندا تاوان ئەنجام دەدەن.

بەڵام بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕامی عەبدولڕەحمان، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “ئەوەی ڕوودەدات پەیوەندی بە پشتیوانی و دژایەتیکردنی ڕژێمی پێشووی ئەسەدەوە نییە، ئەمانە کۆمەڵکوژیی تائیفییە بە ئامانجی دەرکردنی عەلەوییەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان”.

لە دوای هاتنە سەرکاری لە ٨ی کانوونی دووەم، سەرکردایەتی نوێی سووریا هەوڵی دڵنیاکردنەوەی کەمینەکان دەدات، بەڵام عەلەوییەکان ترسیان لە کاردانەوەیان هەیە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد.

عەلەوییەکان لە کوێ دەژین؟

کەمینەی عەلەوییەکان کە بنەماڵەی ئەسەد سەر بەوانن، لە ناوچە کەنارییەکاندا چڕبوونەتەوە، هەروەها لە ناوچەکانی دیکەشدا هەن، ئەم جێیە وەک ماڵی ئەو خێزانانە سەیر دەکرێت کە زیاتر لە پێنج دەیە بە مشتێکی ئاسنین حوکمڕانی وڵاتەکەیان کردووە.

ژمارەی دانیشتوانی عەلەوییەکان نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسە، نزیکەی لەسەدا نۆی دانیشتوانی سووریای زۆرینە سوننە مەزهەب پێکدەهێنن.

لە سەردەمی حافز ئەسەدی باوک و بەشاری کوڕیدا، عەلەوییەکان بە پایەی بنەڕەتی حکومەت دادەنران، هەروەها لە پۆستە سەرەکییەکانی کەرتی گشتی و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا ئامادەییان هەبووە، کە هەمیشە پشتیان بەگرتن و ئەشکەنجەدان و تۆقاندن بەستووە وەک میتۆدێک بۆ سەرکوتکردنی هەر دژایەتییەک.

دیارترین ئەو ناوچانەی کە عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن، پارێزگاکانی لازقییەو تارتووسە، جگە لە ناوچەکانی حومس، حەما و دەوروبەری دیمەشق.

عەلەوییەکان بەپێوەندی مێژووییان بە شاخەکانی کەنار دەریا و کاریگەرییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان لەو ناوچانە جیا دەکرێنەوە و بە بەشێکی گرنگی ئەو پەیکەرە هەمەچەشنەن کە تایبەتمەندی سووریایە.

شێخ ساڵح ئەلعەلی کە یەکێک بوو لە سیمبولەکانی شۆڕشی سووریا لە دژی داگیرکاری فەرەنسا، کەسایەتی دیار و ناسراوی لە عەلەوییەکانە.

لە ساڵی ١٩٢٠ فەرەنسا کە ئەوکات دەسەڵاتێکی داگیرکاری هەبوو، هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی بۆ عەلەوییەکان دامەزراند.

دواتر ژمارەیەکی زۆر لە عەلەوییەکان لە ماوەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندییان بە ئەکادیمیا سەربازییەکانەوە کرد، و بیرۆکەکانی عەرەبیزم و عەلمانیەتی حزبی بەعسیان پەیرەوکرد، بەر لەوەی دوای دوو کودەتای سەربازی لە سووریا لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٦دا بگەنە دەسەڵات.

مێژووی عەلەوییەکان

رێبازی عەلەویی لە سەدەی نۆی زایینی لەلایەن محمد بن نوسەیرەوە دامەزرا، کە عەلەوییەکان دەڵێن قوتابیی حەسەنی عەسکەری بووە کە ئیمامی یازدەهەمی شیعەکانە، هەر بۆیە هەندێک پێیان دەڵێن نوسەیری.

عەلەوییەکان باوەڕیان بە کۆچی ڕۆحەکان و بیرۆکەی سێ یەکە هەیە کە پێکهاتووە لە پێغەمبەر محەمەد و ئیمام عەلی و سەلمانی فارسی و بە یەکێک لە پرەنسیپە گرنگەکانیان دادەنرێن.

نەیارەکانیان، چ شیعە و چ سوننە، تۆمەتباریان دەکەن بە “خوداکردنی ئیمام عەلی”، بەڵام ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، “نووری خودایی” لە ئیمام عەلیدا هەیە و نوێنەرایەتی “دەرکەوتنی کۆتا نوری خودا لەسەر زەوی” دەکات.

یەکتاپەرستی، دادپەروەری، پێغەمبەرایەتی، ئیمامی و قیامەت بە پێنج بنەمای ئایین دادەنرێن لای عەلەوییەکان، هەروەها سێ کەسایەتی هەن کە لەلایەن ئەوانەوە ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت: پێغەمبەر محەمەد، ئیمامی عەلی و سەلمانی فارسی.

لەرێبازی عەلەوییەکاندا ئاشکراکردنی ئەو بناغانەی کە لەسەری بنیات نراون، قەدەغەیەو سزاکەی تا ئەندازەی لەسیدارەدانە، ئەو عەلەویانەی باوەڕیان بە دووبارە لە دایک بوونەوە هەیە، مزگەوتیان نییە، وەک موسڵمانانی دیکە بەڕۆژوو نابن و حەج ناکەن، ڕێگە بە خواردنەوەی مەی دەدەن، ژنەکانیان باڵاپۆشن، جەژنی موسڵمان و مەسیحییەکانیش پەیرەوی دەکەن”.

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە