یەكێتیی نیشتمانی كوردستان داوای یەك لیستی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەكات، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، داوامانکردووە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەتایبەتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە یەک لیست داببەزین؛ چونکە دەبینین لە زۆرینەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەبەرئەوەی بە یەک لیست دانەبەزیوین، ژمارەیەکی زۆر خەڵک نەچووەتە دەنگدان.
وتیشی، “یەکێتی لە موسڵ، دیالە، خانەقین، سەڵاحەدین و بەتایبەتی لە کەرکوکیش، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام ئەگەر سەیری ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەین، کورد دەیتوانیی بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت؛ چونکە یەکێتی شەش کورسی و پارتی دوو کورسییان هەبوو”.
راشیگەیاند، “ئەوکاتە ئەگەر بەگوێی یەکێتییان بکردایە و بە یەک لیست داببەزینایە، کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە لانیکەم 9 بۆ 10 کورسیی دەهێنا”.