دوای ساڵێك لە تەرخان كردنی پارە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، بۆ یادی ئەمساڵی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە دەروازەكە دەكرێتەوە و بڕیاریشە محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەڵەبجە بكات.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عیِراق ڕاگەیاند، “سبەینێ 13-3-2025، كارەكانی پڕۆژەی دەروازەی هەڵەبجە پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت كە ساڵێك پێش ئێستا و لەساڵیادی كارەساتی هەڵەبجەدا لەسەر داوای ئێمە سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانكرد”.
پڕۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە كەبە گوژمەی دوو ملیار دینار تەواوكرا، دیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراقە بۆ شارەكەو رۆژی 14-3-2024 بەردی بناغەی پڕۆژەكە دانرا و سبەینێش دەكرێتەوە.
هاوكات، لیژنەی باڵای یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە بانگهێشتامەیان بۆ ئامادەبوون لە یادەكە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی كردووە و بڕیارە بەشداری یادەكە بكات، هاوكات، لیژنەكە داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و بەرپرسان دەكات بەشداری یادەكە بكەن.