پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، زیندانیانی سیاسی عێراق مووچەیان لەسەروو ملیۆن و 200 هەزارە و لەگەڵ زیندانیانی سیاسی هەرێم زۆر جیاوازییان هەیە و دەشڵێت: بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی مووچەی زیندانیانی سیاسی هاوتای عێراق دەكرێت.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “هەوڵەكانی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێم بەردەوامە”.
ڕاشیگەیاندووە، “لەكاتی بانگهێشتی سەرۆكی دەستەی زیندانیانی سیاسی عێراق بۆ دانیشتنی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان پێمان ڕاگەیاند، وەك چۆن زیندانیانی سیاسی لە عێراق ئازار و ئەشكەنجە دراون، دۆخی زیندانیانی هەرێمیش بەهەمانشێوە بووە، بگرە زیاتریش، بۆیە دەبێت هەمان ماف و ئیمتیازاتیان هەبێت و قەرەبوو بكرێنەوە هەر خۆشیان نا كەسوكاریشیان وەك چۆن بۆ زیندانیانی سیاسی عیراق كراوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا داوای گواستنەوەی ناوی زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان كراوە لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمەوە بۆ عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش لەهەرێم ئامادەكاریی كراوە بۆ گواستنەوەی ناوەكانیان بۆ سەر عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە مانگی 7ی ساڵی ڕابردووەوە مووچەی بەشێكی خانەنشینان هاوتای عێراق كراوە و لە ئێستاشدا ئەو بەشەی دیكەیان، كە هاوتا نەكراوە بڕیاری لێدراوە.