مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی جەختیان لەوە کردەوە، “پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت.”
بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە “ڕۆژی چوار شەممە 12ی ئاداری 2025، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.”
ئاماژەی بەوەش کردووە “لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەزڵوم عەبدی وردەکاریی و دەرئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ بارزانی شی کردەوە.”
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە، پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت.”
