spot_imgspot_img

کۆمپانیای بەڕێز تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و سکاڵاش تۆمار دەکات

یاسین مەحمود ڕەشید، ب. ڕێپێدراوی کۆمپانیای بەڕێز ڕایگەیاند، لە بەرانبەر چەند کەسێک لە ژێر ناوی “گروپی ڕا” کە هەواڵی ناڕاسیان لەسەر یەکێک لە پڕۆژەکانی کۆمپانیا بڵاوکردووەتەوە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، یاسین مەحمود ڕەشید، ب. ڕێپێدراوی کۆمپانیای بەڕێز ڕایگەیاند: چەند كەسێك لەژێر ناوی (گروپی ڕا ) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوونكردنەوەیەكی ناڕاست و ناڕەوایان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) بڵاوكردووەتەوە پاشان كۆڕێكی ڕۆژنامەنووسیان لەبەردەم نوسینگەی پەڕلەمانی كوردستان لە سلێمانی ئەنجامدا.

ڕاشیگەیاند: “بە پێویستمان زانی وەڵامی سەرجەم ئەو تۆمەت و چەواشەكاری و بانگەشە بێ بنەمایەی گروپی ناوبراو لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بخەینە ڕوو پاڵپشت بە بەڵگەی یاسایی و نوسراو و دۆكیومێنتەكانی فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت تا چەواشەكاری و مەرامە تایبەتەكانی ئەم گروپە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەین”.

دەقی ڕوونکردنەوە:

چەند كەسێك لەژێر ناوی (گروپی ڕا ) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوونكردنەوەیەكی ناڕاست و ناڕەوایان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیس بووك) بڵاو كردووەتەوە پاشان كۆڕێكی ڕۆژنامەنووسیان لەبەردەم نوسینگەی پەڕلەمانی كوردستان لە سلێمانی ئەنجامدا، بە پێویستمان زانی وەڵامی سەرجەم ئەو تۆمەت و چەواشەكاری و بانگەشە بێ بنەمایەی گروپی ناوبراو لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بخەینە ڕوو پاڵپشت بە بەڵگەی یاسایی و نوسراو و دۆكیومێنتەكانی فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت تاوەكو چەواشەكاری و مەرامە تایبەتەكانی ئەم گروپە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەین:

یەكەم/ گۆڕانكاری لە سیایت پلان:
سەرجەم ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ماستەرپلانی پڕۆژەكەدا ئەنجام دراون بەپێ ی ڕەزامەندی و فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (9124) لە بەرواری (21/8/2011) بووە هەروەها لە گرێبەستی سەرەكی و هەمووارەكەیدا جێگیر كراوە كە بڕیاری دادگای بەرایی ژمارە (2339/ب/2012) لە بەرواری (27/12/2012) پەسەند كراوە.

دووەم/ زیاد كردنی ژمارەی یەكەكان:
پاڵپشت بە ڕەزامەندی و فەرمانەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی وەبەرهێنان گرێبەستی پڕۆژەكە ژمارەی یەكەكانی (چەرموو سیتی) لە (1014)ەوە بووتە (1449) یەكەی نیشتەجێبوون ، كە ئەمەش لە ناوەڕۆكی گرێبەستی جێبەجێ كردن و مۆڵەتی پڕۆژەكەدا جێگیر كراوە كە ڕەزامەندی پێشتری سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی لەسەر وەرگیراوە.

سێیەم/ بۆری گواستنەوەی ئاوی ناو پێگەی پڕۆژەكە:
بەپێ ی كۆنووسی واژۆكراو لە بەرواری (1/11/2009) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ، سەلمێنراوە كە كۆمپانیای بەڕێز هیچ جۆرە بەرپرسیارێتی و كەمتەرخەمیەكی نی یە لەم بابەتەدا ، بوونی بۆریەكی گوێزەرەوەی گەورەی ئاو لە ژێر زەوی پڕۆژەكەدا بەبێ ئاگادار كردنەوەی كۆمپانیاكەمان لە بوونی ئەو بۆریە لە كاتی ڕادەستكردنی زەوی پڕۆژەكە پێمان و ئەنجامدانی كۆنووسی وەرگرتنی زەوی پڕۆژە هەروەها لە كاتی پەسەند كردنی سایت پلان و دەركردنی فەرمانی دەست بەكاربوون و دروست كردنی یەكە نیشتەجێبوونەكان لە پاش نزكەی (8)ساڵ دەركەوت كە ئەم بۆریە بە ژێر ئەو خانووانەدا ڕۆشتووە وە هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە سایت پلانی پڕۆژەكە چەند جارێك گۆڕانكاری تێدا بكرێت وە بەپێ ی بڕیاری دادگا ژمارە (51/بەپەلە /2021) لە بەرواری (13/4/2021) كۆنووسەكەی پشتڕاست كردووەتەوە كە پێویستە قەرەبووی كۆمپانیاكەمان بكرێتەوە بەڵام تاوەكو ئێستا قەرەبوومان نەكراوەتەوە.

چوارەم/ كۆگا و مەخزەنی بازرگانی:
گشت ئەو پێكهاتە و چالاكیانەی لە پڕۆژەكەدا جێبەجێكراوە پاڵپشتە بە سایت پلانی پەسەند كراو و گرێبەستی جێبەجێ كردن بووە كە لە ناوەڕۆكی مۆڵەتی پڕۆژەكەدا جێگیر كراوە.

پێنجەم/ فرۆشتنی زەوی و گۆڕینی نەخشەی خانووە:
فرۆشتنی یەكەنیشتەجێكان بە شێوازی (هەیكەل یاخود تەواوكاری) هەروەها ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە نەخشەی خانووەكاندا كراوە پاڵپشت بە ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیداری حكومەت بووە وەك لە خاڵی (4 و 8) ی كۆنووسی ئاماژەپێكراوی خاڵی سێیەمی سەرەوەدا هاتووە ,وە هەرەها نووسراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ژمارە (2375) لە بەرواری ( 4/10/2009)، جگە لەو زیادەڕۆییانەی كە لەلایەن بەشداربووان و هاووڵاتیانی پڕۆژەكەوە بەبێ ئاگاداری كۆمپانیاكەمان و لایەنی پەیوەندیداری حكومەت ئەنجام دراون، كە بۆ ڕێگری لەم دیاردەیەش ئێمە چەندین نوسراومان ئاراستە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەت كردووە سەرەڕای ئاگادار كردنەوەی زیادەڕۆكاران لە ڕێگای دادنووسەوە.

شەشەم/ خانووی شەهیدان:
سەرجەم مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتنی یەكەنیشتەجێبوونەكانی ناو پڕۆژەی (چەرموو سیتی) پاڵپشت بە گرێبەستی پڕۆژەكە بووە هیچ یەكەیەك لە دەرەوەی یاسا و ڕێنماییەكان بە هیچ كەس و لایەنێك نەفرۆشراوە .

حەوتەم/ بینا خزمەتگوزاریەكان:
لە یەكەمین سایت پلانی پڕۆژەكە تاوەكو دوایین سایت پلان، بینا خزمەتگوزاریەكانی حكومەت جێگیر كراوە و بەپێ ی خاڵی (10)ی بڕگەی (یەكەم)ی لە ناوەڕۆكی گرێبەستی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە جێبەجێ كردنیان لە ئەستۆی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتە.

هەشتەم/ كوالێتی خانووەكان:
هەرچەندە پڕۆژەی (چەرموو سیتی) پاڵپشت بە قەرزی صندوقی نیشتەجێبوون بە شێوەی لۆكۆست (low cost)دروست كراوە بۆ خەڵكی كەم دەرامەت و كرێنشین كە نرخەكانیان لە (30.000 $ تاوەكو 50.000$ )دۆلار تێپەڕ ناكات وە دروستكردنیان بەپێی ئەو دەرخستە و دیزاینانە بووە كە لەلایەن فەرمانگە.

پەیوەندیدارەكان بۆمان پەسەند كراوە وە لە كاتی تەواو بوونیاندا بۆ هەر یەكەیەك كۆنووسی ڕادەستكردنی بۆ ئەنجام دراوە كە واژۆی نوێنەری چەند لایەنێكی حكومەتی لەسەرە ، سەرەڕای ئەوەش لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەتەوە چەند جارێك ( سوپاس و پێزانینمان) ئاراستە كراوە بەهۆی باشی و بەرزی ئاستی كوالێتی جێبەجێ كردنی یەكەنیشتەجێكانی پڕۆژەكانی ئاسودە بەپێ ی نوسراوی شارەوانی سلێمانی (12500) لە بەرواری (20/7/2010) و نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ژمارە (2287) لە (22/7/2010) و كۆنووسی لیژنەی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو لە بەرواری (29/7/2010) كە سەردانی سەرجەم پڕۆژەكانیان كردووە .

نۆیەم / درێژ كردنەوەی ماوەی گێڕانەوەی قەرزی صندوقی نیشتەجێبوون بۆ ماوەی (20)ساڵ :
هەریەك لە بەڕێزان قائمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری گشتی پێشتری وەبەرهێنانی سلێمانی گەواهیدەری ئەوەن كە درێژ كردنەوەی ماوەی گێڕانەوەی قیستەكان پێشنیاری كۆمپانیاكەمان بووە بەپێ ی نوسراومان ژمارە (561) لە بەرواری (28/7/2024) وە هەوڵی دڵسۆزانەی هەریەك لە بەڕێزان قائمقامی چەمچەماڵی و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێز سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان .
دەیەم / پاركێنگ و گۆڕانكاری سەوزایی ناو پڕۆژەكە :
جەخت دەكەینەوە لە خاڵی (چوارەم)ی سەرەوەی نوسراومان و دوپاتی دەكەینەوە كە سەرجەم خزمەتگوزاری و سەوزایی و چالاكیە جۆراوجۆرەكانی پڕۆژەكە پاڵپشتە بە سایت پلانی پەسەند كراو و گرێبەست و مۆڵەتی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە وەك وەبەرهێنەری پڕۆژەكە هیچ گۆڕانكاریەكمان ئەنجام نەداوە بەڵكو هەر گۆڕانكاریەك ئەنجام درابێت بە ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بووە وە لە ئێستادا ئەم سایت پلانی بە ڕێژەی (95 %) وەك خۆی جێبەجێ كراوە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەكان .

یانزەیەم/ كوفری گەورەی ئەندازیاری ؟؟ !!!! (وەك ئەم گروپە دەڵێن):
بە تەحەداوە سایت پلانی پڕۆژەی ( چەرموو سیتی ) گشت پێوەر و تایبەتمەندی و ستانداردە ئەندازیاریەیەكانی نەخشەسازی تێدا بەرجەستە كراوە بە جۆرێك ئەو خزمەتگوزاریانەی لە پڕۆژەی (چەرموو سیتی ) فەراهەم كراوە بۆ زیاتر لە (2000)یەكەی نیشتەجێبوون دەگونجێت ، وە ئەو كوفرە ئەندازیاریەی ئەم گروپە چاواشەكارە باسی دەكات لەلایەن هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخشە دانانی ئاوەدانی پارێزگای سلێمانیو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و دواجار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە نوسراوی ژمارە (6471) لە بەرواری (26/5/2024) پەسەند كراوە .

دوانزەیەم/ مزگەوتی ناو پڕۆژەكە:
بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی وە هەروەها ڕێنماییە ئەندازیاریەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار (1000) یەكەی نیشتەجێبوون پێویستی بە (1)مزگەوتە كە نوێژی هەینی تێدا ئەنجام بدرێت ، لەژێر فشاری بەشێك لە دانیشتوانی پڕۆژەكە (2) مزگەوتی دیكە لە ناو پڕۆژەكەدا زیاد كراو كە لە ئێستادا جگە لە مزگەوتی گەورەی پڕۆژەكە ئەو دوو مزگەوتەش تەواو كراوە ، ئەو خانووانەشی كە بۆ ئەو مزگەوتانە لابراون تاوەكو ئێستا قەرەبووەكە جێگیر نەكراوە بۆ كۆمپانیاكەمان.

سیانزەیەم/ دروست كردنی باخچە و سەوزایی:
كۆمپانیاكەمان بەپێ ی گرێبەستی ئەنجامدراو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیكانی سلێمانی ، پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی پڕۆژەكەی بەشێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێ كردووە پاڵپشت بە ناوەڕۆكی ئەو دەرخست و دیزاینەی لەلایەن فەرمانگە پەیەوەندیدارەكانەوە پەسەند كراوە و سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردووە سەرەڕای ئەوەش بەپێ ی خاڵەكانی (8 و10)ی بڕگەی (یەكەم)ی لە ناوەڕۆكی گرێبەستی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە جێبەجێكردنی باخچە و سەوزایی لە ئەستۆی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتە .
چواردەیەم / قوتابخانەی پڕۆژەكە:

لەناو پڕۆژەی (چەرموو سیتی) جگە لە (4)باخچەی ساوایان (3)قوتابخانەبوونی هەیە وەك لە مۆلچەتی پڕٍۆژەكەدا جێگیر كراوكە ئەركی جێبەجێ كردنیان لە ئەستۆی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتە بەپێ ی خاڵی (10) لە بڕگەی (یەكەم)ی لە ناوەڕۆكی گرێبەستی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە و هیچ قوتابخانەیەك كەم نەكراوەتەوە .
پانزەیەم / وەرگرتنی چیمەنتۆ:

تەحەددا دەكەین كە بەناوی پڕۆژەی چەرموو سیتی و خانووی شەهیدانەوە هیچ بڕە چیمەنتۆیەك وەرگیرابێت !! وە ئەگەر ئەم گروپە هەر بەڵگەیەكیان هەیە لەم بارەیەوە بفەرموون بیخەنە ڕوو.

لە كۆتاییدا ڕایدەگەینین كە سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستانەی بۆمان دروست دەكرێت لە پڕۆژە نوێ یەكانماندا بەردەوام دەبین و گشت ئەو كەس و لایەنانەی لەم نێوەندەدا هەوڵی ناوزڕاندن و كەم كردنەوەی پێگەی كۆمپانیاكەمان دەدەن تەنها لە ڕێگای دادگاوە ڕووبەڕوویان دەبینەوە، هەروەها داواكارین لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و قایمقامیەتی قەرزای چەمچەماڵ هەڵوێست وەربگرن لەسەر ئەو چەواشەكاریانەی بەرامبەر بە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دەكرێت كە بۆ خزمەتی خەڵكی هەژار و كەم دەرامەتی هەرێمی كوردستان بونیاد نراوە.

لەگەل ڕێزدا.

یاسین مەحمود ڕەشید
ب. ڕێپێدراوی کۆمپانیا

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە