بەغداد مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کرد و لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، هەوڵ دەدەن هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی سێ بۆ بەغداد بنێرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕوپڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕاشیگەیاند، ئەوەش ئەو بڕە تەمویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکات کە بە درێژایی ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هاوکار و هەماهەنگ بوون و وەک یەک تیم کاریان کردووە بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و ناردنی تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای ١٠ی هەموو مانگێک ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا.
ئەوەشی خستەڕوو کە سبەینێ پێنجشەممە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.