ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران داوا دەکات پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی عێراق دابەش بکرێت و هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند وەزارەتی دارایی چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە، بۆیە دەکرێت پێش وادەی خۆی دابەشی بکات بۆ ئەوەی بەر لە جەژنی ڕەمەزان بگاتە دەست مووچەخۆران.
ئەوەشی خستەڕوو کە کۆتایی ئەم مانگە پشووی جەژن دەستپێدەکات و تا سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت بۆیە وا دەخوازرێت کە کاتی دابەشکردنی مووچە پێش بخرێت.
جەمال کۆچەر داواشی کرد پێش جەژن مووچەی خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی دابەش بکرێت و بۆ ئەم مانگەش وەرگرتنەوەی پێشینەکان ڕابگیرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شوباتی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.