لیژنەی باڵای یادکردنەوەی ٣٧هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە داوا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆکی حزبەکان و رێکخراوەکان و ڕۆژنامەنووسان و كەسوكاری شەهیدان دەکەن، کە ڕۆژی ١٦-٣ بەشداربن لە یادی كیمیاباران كردنی شارەكەدا.
لیژنەی باڵای یادکردنەوەی ٣٧هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە ٨ خاڵ داواکارییەکانیان گەیاندە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و داوایانکرد حکومەتی هەرێم هەنگاوی جدیتر بنێت بۆ خزمەتی زیاتری وارسی شەهیدان و دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هەڵەبجە، چونکە گرنگە تایبەتمەندی هەڵەبجە لەبەرچاوبگیرێت نەک بەپێی رێژەی دانیشتوان بودجەی بۆ تەرخانبکرێت، هەروەها داوا لەحکومەتی هەرێم دەکەین پارێزەری مافی هەڵەبجەییەکان بێت لەعیراق و بە فەرمی داوای قەرەبوو بۆ زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
لیژنەکە ڕایگەیاند:” پێویستە حکومەتی هەرێم بڕیاربدات بە دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان لەپارێزگای هەڵەبجە و دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، هەروەها ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمە لەڕێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانییەوە هانی وڵاتان بدات ئەو تاوانە بەجینۆساید بناسێنن، هەروەک چۆن ئەرکی ئەم خولەی پەرلەمانیشە، کە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەجینۆساید بناسێنێت، کە بەداخەوە هەتا ئێستا پەرلەمانی کوردستان ئەو کارەی نەکردووە”.
لیژنەکە پەیامیان بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆکی حزبەکان و پەرلەمانتاران لەبەغدا نارد و داوایانلێکردن، کە “هەمووان هاوکاربن لەگەڵ سەرۆکی حزب و سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە، بۆ پەسندکردنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق”.
داواشیان کرد، “هەمووان ڕۆژی ١٦-٣ لەهەڵەبجە بن بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو تاوانە قێزەونە کەبەرامبەر هەڵەبجەییەکان کراوە و هەتا ئێستاش کاریگەری نەرێنی لەسەر شارەکە و خەڵکەکەی ماوە”.
