عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “هیوادارم هەردوو لایان وریای کەسانی هەڵەشەو عاتیفیی خۆیان و، دەستی پیسی سێیەمیش بن”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی عەلی باپیر کەلە چوار خاڵ پێکهاتووە و دەڵێت: “دەستخۆشیی لە ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدي دەکەم، بێگومان هەنگاوی گەورە حەوجێی عەقڵ و دڵی گەورەیە”.
دەشڵێت: “هیوادارم هەردوو لایان وریای کەسانی هەڵەشەو عاتیفیی خۆیان و، دەستی پیسی سێیەمیش بن و، نەهێڵن ڕیسەکەیان لێ بکەنەوە خوریی”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
🔹بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيم
وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ – المائدة ٢ –
🔸بەبۆنەی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان (أحمد الشرع) سەرۆک کۆماری سوریاو، (مظلوم عبدي) فەرماندەی قەسەدە کە دوێنێ: ١٠ی ڕەمەزان ١٤٤٦ ك بەرانبەر: ١٠-٣- ٢٠٢٥ ز ڕاگەیاندرا، دەڵێم:
١- پیرۆزبایی لە خەڵکی ستەمدیدەی سوریا دەکەم بە گشتیی و، هیوادارم سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا لەم هەنگاوە بەهرەمەند بن.
٢- دەستخۆشیی لە هەردووک بەڕێز: أحمد الشرع و مظلوم عبدي دەکەم و، بێگومان هەنگاوی گەورە حەوجێی عەقڵ و دڵی گەورەیە.
٣- هیوادارم هەردووک لایان وریای کەسانی هەڵەشەو عاتیفیی خۆیان و، دەستی پیسی سێیەمیش بن و، نەهێڵن ڕیسەکەیان لێ بکەنەوە خوریی!.
٤- بێگومانیش گەلی کورد کە وەك گەلانی دراوسێی لە عەڕەب و فارس و تورك، خاوەنی مافە خواپێداوەکانیەتی، لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی، هەمیشە لە کەش و هەوای هێمن و ئارامدا قازانجی کردوەو دەکات.
عەلی باپیر
١١ ڕەمەزانی ١٤٤٦ ك
١١-٣-٢٠٢٥ ز
