وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەی ڕووناکی پیادە دەکرێت، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، داواشمان کردووە ئەوانەی کەمدەرامەت و هەژارن لە ڕووی نرخەوە پاڵپشتی زیاتر بکرێن.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: “تا ئێستا بۆ پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای 24 كاتژمێری هیچ نرخێکی فەرمی جێگیر نەکراوە، ئەوەی ئێستاش پیادە دەکرێت وەک ئەزموونە، بە سوودوەرگرتن لە تێچووی کارەبا بەپێی هەر کیلۆ واتێک هەژمار کراوە”.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکرد: “ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەکە پیادە دەکرێت، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆواتێک بە 80 دینار هەژمار کراوە، لە کاتێکدا خۆی 150 دیناری تێچووە، یانی 70 دیناری لەلایەن حکوومەت پاڵپشتی کراوە”.
وتیشی: “ڕەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵک دەکرێت و نرخەکان جیاوازییان دەبێت بۆ خەڵکی هەژار و مامناوەند، واتا بۆ کەسێک کارەبا بۆ خزمەتگوزاری بەکاربهێنێت نەک بۆ خۆشگوزەرانی، بەشێوەیەک دەبێ خەڵکی کەمدەرامەت و مامناوەند بە کەمترین خەرجی لە خزمەتگوزاریی کارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بن، ئەوەش لە ئایندە بڕیاری لێ دەدرێت”.
“نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دوای تەواوبوونی دیراسەکان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا بڕیاری لێ دەدرێت”، ئومێد ئەحمەد وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو: “ئەو نرخانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە دوورن لە ڕاستی و تەنیا شیکردنەوەن، ئەوەی هەیه ئەزموونییە و جێگیر نییە، کە بڕیار دەرچوو نرخەکان و شێوازی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕوون دەکەینەوه”.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا جەختی کردەوە: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە کەمترین تێچوو خزمەتگوزاریی کارەبا بگەیەنێتە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت و ئامانجیش ئەوەیه کارەبای بەردەوام و 24 كاتژمێری بگاتە هەموو هەرێمی کوردستان”.
