spot_imgspot_img

مەزڵوم عەبدی چۆن گەیەندرایە دیمەشق؟

یەکەم وڵات پێشوازی لە ڕێککەوتنەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا دەکات و ئەمریکییەکانیش مەزڵوم عەبدییان گەیاندە دیمەشق بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە.

ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە دامەزراوەکانی سووریا دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگیش بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی وبنیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسای لە سووریا وەسفیکرد.

جەختیشکردەوە کە سەقامگیریی سووریا و بوژانەوەی وا دەخوازێت کە چەک تەنها لە دەست دەوڵەتدا بێت و خاوەنی یەک سوپاش بێت کە گوزارشت لە سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا بکات.

ئەم هەڵوێستەی قەتەر دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا هات کە لە دیمەشق واژۆ کرا.

لە ڕێککەوتنەکەدا داننرا بەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەشێکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی سووریایە و مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

هەروەها سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا.

هەردوولاش ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێک لە سوپای سووریا.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە بە هێلیکۆپتەری ئەپاتچی سوپای ئەمریکا گەیاندراوەتە دیمەشق، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا و بە پێی زانیارییەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە پارێزگاریی لێکراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە