وتەبێژی وەزارەتی کارەبا وادەی دانانی نرخ لەسەر کارەبای 24 کاتژمێری ئاشکرا دەکات و دەڵێت”هەرکات دیراسەکردنی تەواوبوو نرخ لەسەر کارەباکە دادەنرێت”.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووە، پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو بەشێوەی ئەزموونی دەستی پێکردووە، و تائێستا لە زۆرینەی ناوچەکان دەست بە جێبەجیکردنی کراوە، هاوکات کارەبای چەندین گەڕەک بۆتە 24 کاتژمێری.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاند، حکومەت لەو نرخەی دیاریكراوه پاڵپشتی ھاووڵاتی دەکات، هەمووان وەک یەک پارەیان بۆ نایەتەوە، بەڵکو ئەوەی زیاتر بەکاریدەهێنێت و خواستی زیاتری بۆ بەکارهێنانی کارەبا هەیە ئەوانە پارەیان زیاتر بۆ دێتەوە، و ئەمەش وا لە خەڵک دەکات فێریبێت مانگانە چەند کارەبا بەکار بێنێت بەهێندەی ئەوە پارەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی فەرمیی دیاری دەکرێت.
ئومێد ئەحمەد دەشڵێت”بەھۆی ئەوەی پرۆژەی ڕووناکی پێداویستی و خەرجی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت، بۆیە ئەو پارەیەی لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت، جارێکی دیکە لە کارەبا دابین دەکرێت”.
ڕوونیشیکردۆتەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە کەمترین نرخ بگاتە ھاووڵاتییان، بۆیە ئەوانەی لە سەرەتاوە کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە لە پڕۆژەی رۆناکی، ئەزموونێکی باشیان وەرگرتووە لە خەرج کردنی کارەبا و دەزانن چۆن کارەبا بەکار بێنن، بۆ ئەوەی لە کۆتایی مانگ پارەیان بۆ بگەرێتەوە، بۆیە دوای کۆکردنەوەی تەواوی زانیاری نرخی جێگیر دیاری دەکرێت، ئەویش بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی خەڵکی ھەژار.
بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو تەواو بکرێت و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بکرێتە ٢٤ کاتژمێری، چونکە ئێستا زۆر بەخێرایی کار لە سەر ئەوپڕۆژەیە دەکرێت.
