spot_imgspot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە

د. عەلی قەرەداغی: هەر فەرمانبەرێك مووچەكەی بەشی نەكات، زەكاتی پێ دەشێت

 

سەرۆکی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام زەكات بە 8 جۆر كەس دەشێت و لەنێویشیاندا ئەگەر كەسێك كار و كەسابەتی هەیە یان فەرمانبەرە و مووچە و داهاتەكەی بەشی ناكات.

دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە نووسینێكدا لەژێر ناونیشانی “زەکات بە کێ دەدردێت؟” ئاماژەی بەوەكردووە، خودای گەورە دەفەرموێت {إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَاِبْنِ السَّبِيلِ} سورة التوبة 60

هەشت جۆر کەس زەکاتیان پێ دەشێت:

یەکەم: ئەو کەسانەن کە پێیان دەوترێت (فُقَرَاءِ)، فەقیر ئەو کەسانەن کە هیچیان نیە، توانای ئەوەیان نیە کە بژێوی خۆیان دابین بکەن، کە نزمترین ئاستە لەڕووی داراییەوە.

دووەم: (الْمَسَاكِينِ) ئەو کەسانەن کە کار و کەسابەتێکیان هەیە یان فەرمانبەرن، بەڵام داهاتەکەیان کەمە و بەشی بژێویان ناکات، وەک فەرمانبەری ئێستا ئەگەر تەنها مووچەی هەبێت و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی تری نەبێت، چارەکە زەکاتی پێ دەدرێت. بەڵگەش بۆ ئەمە خوای گەورە لە قورئاندا لە سورەتی (کهف)دا دەفەرموێت: {أَمَّا السَّفِينَةُ فَكَانَتْ لِمَسَاكِينَ يَعْمَلُونَ فِي الْبَحْرِ} سورة الكهف 79، کەشتیەکە موڵک بوو بۆ کۆمەڵێک لەو کەسانەی کەوا کاریان دەکرد لە دەریادا، واتا کەشتیشیان هەبوو بەڵام داهاتەکەی ئەوەندە نەبوو کە بەشیان بکات و پێویستیان دابین بکات.

سێیەم: (الْعَامِلِينَ عَلَيْهَا) ئەم وشە پیرۆزە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە زەکات دامەزراوەییە و واجبە بەدامەزراوەیی بکرێت نەک تەنها بە تاک، چونکە زەکات هاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەژاری و بوژانەوەی کۆمەڵگا و لایەنی کۆمەڵایەتی. ئەمەش بە تەنها ناکرێت و نەزانرێت چۆن خەرج دەکرێت، ئەبێت لایەنی پەیوەندیدار بیکات وەک دەوڵەت، ئەگەر دەوڵەت نەیکرد، دەبێت رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن. لەبەرئەوە (الْعَامِلِينَ عَلَيْهَا) ئەوانەن کە کار دەکەن لەسەر زەکات کە دوو جۆرن: ئەوانەی کە زەکات کۆ دەکەنەوە و ئەوانەشی کە دابەشی دەکەن، ئەم دوو جۆرە لە ڕووی شەرعەوە زەکاتیان پێ دەشێت بەپێی پێویستیان، چونکە خۆیان دابینکردووە بۆ خزمەتی زەکات.

چوارەم: (الْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ) ئەو کەسانەن کە تازە موسڵمان بوون و پێویستیان بە یارمەتیدانە، یان پرۆژەیەک دروست دەکرێت بۆ بڵاوکردنەوە و جوان نیشاندانی ئیسلام و ئاشکرا کردنی بۆ خەڵک، یان کەسێک کە لە دەرەوەی ئیسلامە بەڵام رێزی ئیسلام دەگرێت یان دواتر دەچێتە ناو ئیسلامەوە.

پێنجەم: (وَفِي الرِّقَابِ) گەورەیی قورئان لەوەدایە کە ئایەت و وشەکانی بەردەوام و هەمیشەیین، وشەی رقاب لە زانستی زمانەوانیدا، واتە ئەو کەسانەی کە گەردنیان کەچ و زەلیل کراوە یان ئازاری دراوە یان کەسێک بەناحەق زیندانی کرابێت دەبێت ئازاد بکرێت، کەسێک رفێندرا بێت دەبێت رزگار بکرێت، گەلێک لەژێر داگیرکاریدا بێت هاوکاری بکرێت و رزگار بکرێت، ئەمانە دروستە زەکاتیان بۆ خەرج بکرێت بۆ رزگاربوونیان لەو بارودۆخە.

شەشەم: (الْغَارِمِينَ) ئەو کەسانەن کە قەرزێکی زۆر و قورسیان بەسەرەوە بێت و نەتوانن بیدەنەوە، ئەم کەسانەش زەکاتیان پێ دەشێت مادام بۆ کارێکی خێر و پێویستی قەرزار بوون.

حەوتەم: (فِي سَبِيلِ اللَّهِ) لە رێگای خودا، کە ئەمەش چەند واتایەکی هەیە، بۆ نموونە ئەوانەی کە جیهاد دەکەن بۆ بەرگریکردن دژی دوژمنان کە هێرش دەکەنە سەریان یاخود نیازیان هەبێت بۆ هێرش کردن.

هەشتەم: (اِبْنِ السَّبِيلِ) ئەوانەن کەوا رێگەیان لێ ون دەبێت یاخود بێ پەنان، یاخود خوێندکاری دەرەوەی وڵاتن و بۆ خوێندن هاتوون و باری داراییان لاوازە، یان کەسانێک بێگانەن و ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. بە ئیجتیهادی نوێ ئێستا دەتوانرێ بە پارەی زەکات بینا و باڵەخانە دروست بکرێت بۆ سەرپەرشتی کردنی ئەو کەسانە لەژێر چاودێری کۆمەڵگە و رێکخراوێکی خەیریدا کە پارەکە وەردەگرێت یان شوێنێکیان بۆ بەکرێ دەگرێت یان بۆیان دروستدەکات، یان هاوکاریان دەکات بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.