spot_imgspot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە

تۆمەتبارن بە کوشتنی سووریەکان، “عەمشە و حەمزە” کێن؟

هەڵکشانی دۆخێکی مەترسیدار

واشنتۆن هەردوو گرووپی حەمزە و سلێمان شای تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی مرۆیی لە سووریا.

ناوچە کەنارییەکانی سووریا شاهیدی هەڵکشانی دۆخێکی مەترسیدارن، لایەنە چەکدارەکان، دیارترینیان گرووپە سەربازییەکانی سووریاش کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن و بریتین لە فیرقەی سولەیمان شا(عەمشات) و فیرقەی حەمزە (ئەلحەمزات)، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی سووریا، “ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی مرۆیی دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامدەدەن”.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گرووپانە کە بەهرەمەندن لە پشتیوانی دارایی و سەربازی تورکیا، “تێوەگلاون” لە “کۆمەڵکوژی”یەکی بەرفراوان لە کەناراوەکانی سووریا، کە پێشێلکارییەکان دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی عەلەوین لە شارەکانی بانیاس، تەرتووس و لازقیە.

ئۆپەراسیۆنی “پاکتاو”ی بەکۆمەڵ

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان لە شارۆچکەی تەعینەی سەر بە پارێزگای تەرتووس، کاروانێکی سەر بە هەردوو گرووپ لە بانیاس، ئۆپەراسیۆنی “پاکتاو”ی بەکۆمەڵیان لەدژی دانیشتوانی گەڕەکی قوسور ئەنجامداوە کە زۆرینەی عەلەوییەکانی تێیدا نیشتەجێن و ماڵی هاووڵاتیانیان سووتاندوە و تاڵانکردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی “کۆمەڵکوژییەکان”، هێزەکانی ئاسایشی گشتی سووریا جوڵەیان کردووە بۆ دەرکردنی ئەو چەکدارانە لە شارەکە، ئەمەش وای لێکردن بەرەو شارۆچکەی ئەلحەتانیە لە تەرتوس بکشێنەوە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ،لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند؛ کەناراوەکانی سووریا و چیای لازقییە شایەتحاڵی ئۆپەراسیۆنەکانی تەسفیەکردن بوون لەسەر بنەمای تائیفی و ئاینی، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی مەدەنی.

فیرقەی سلێمان شا و فیرقەی حەمزە لە نێو ئەو کوتلانەدا سەریان هەڵدا کە پشتیوانیان لە هەڵبژاردنی ئەحمەد ئەلشەرع کرد وەک سەرۆکی قۆناغی ئینتقالی لە سووریا.

سەرەڕای بوونیان لە ئیدلب، ئەو دوو کوتلەیە چەکدارانیان ڕەوانەی بانیاس کرد بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری سووریا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەنارەکانی سووریا.

عەفرین و باکووری حەلەب

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ، ئەو دوو گرووپە “تێوەگلاون” لە ڕفاندن و زەوتکردن و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوولاتیانی کورد بەتایبەتی لە عەفرین و باکووری حەلەب.

ڕێکخراوەکان دیکۆمێنتی بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی نایاسایی و ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردنی سیستماتیکی هەردوو گرووپیان کردووە کە دیارترینیان تیرۆرکردنی چالاکوان محەمەد عەبدوللەتیف (ئەبو غانم) و هاوسەرەکەی بووە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری ئەلباب.

(ئەبو عەمشە) – (ئەبوبەکر)

لیوای سلێمان شا (عەمشات) لەلایەن محەمەد حسێن ئەلجاسم (ئەبو عەمشە) سەرپەرشتی دەکرێت، کە ڕووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤ بووەتەوە و چەکدارەکانی لە قەزای شێخ حەدیدی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکووری حەلەب جێگیرن.

سەبارەت بە فیرقەی حەمزە(حەمزات)، کۆنتڕۆڵەکەی درێژدەبێتەوە بۆ ئەلباب و جەرابلوس و عەفرین و لەلایەن سەیف بولاد(ئەبوبەکر) سەرکردەیەکی دیاری ناو سوپای نیشتیمانی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، سەرپەرشتی دەکرێت.

لە ساڵی ٢٠٢٣ خەزێنەی ئەمریکا سزای ڕاستەوخۆی بەسەر ئەو دوو گرووپەدا سەپاند و بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان تۆمەتباری کردن.

سزاکانی ئەمریکا بریتی بوون لە: بەستنی سەروەت و سامانی ئەو دوو کوتلەیە لەناوخۆی ئەمریکا، ڕێگریکردن لە هەر مامەڵەیەکی دارایی ئەمریکی لەگەڵ سەرکردەکانیان، هەروەها ناساندن و خستنە لیستی ڕەشی  کۆمپانیای“سەفیر ئۆتۆ”ی تایبەت بە بازرگانی ئۆتۆمبێل، کە خاوەنەکەی ئەبو عەمشەیە، وەک کۆمپانیایەکی قەدەغەکراو.

واشنتن دووپاتی کردەوە کە ئەو دوو گرووپە دڵسۆزەی تورکیا لە سووریا، بەرپرسن لە وەرگرتنی سەرانە و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ڕفاندن، ئەمەش قەیرانی مرۆیی لە باکووری سووریا توندتر کردووە.

٢٩ کۆمەڵکوژی

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کۆی گشتی قوربانیان لە ئەنجامی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی کەناراوەکانی سووریا گەیشتووەتە ٩٧٣ کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

بەڕێوەبەری ڕوانگەکە، ڕامی عەبدولڕەحمان، پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، ناوچە کەناراوەکان شایەتحاڵی “٢٩ کۆمەڵکوژی بووە کە لەو ماوەیەدا ٥٦٨ هاووڵاتی مەدەنی عەلەوی کوژراون “.

عەبدولڕەحمان دەشڵێت، “لە هەندێک ناوچە خەڵکی سڤیل سەربڕدراون، بەشێکی دیکەش گوللە بارانکراون”.

ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، “ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە کوشتنەکاندا کردووە، سوپای سووریا و هێزە هاوپەیمانەکانیانن کە چەکدارە بیانییەکانی نەتەوەکان لەخۆدەگرن کە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە سەرچاوەیان گرتووە، وەک ئۆزبەکستان”.

ڕژێمی نوێی سووریا پاشماوەکانی ئەسەد تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرشی سەربازییان لەدژیان ئەنجامداون، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژی، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە کە شایەدی قەتڵوعامێکی ترسناکن.