سەرەڕای ڕاگەیاندنەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هێشتا ناوبەناو دەنگ و زەنگی فڕۆکەکانی تورکیا بەسەر هەندێک ناوچە و گوندی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەبیسترێت و سوپای ئەو وڵاتەش بەردەوامە لەبۆردومان و کردە سەربازییەکانی.
پێشهاتە خێراکان
فایلی بوونی تورکیا لەعێراق شاهیدی پێشهاتە خێراکانە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بۆ چالاکیی سیاسی نیەت پاکی خۆی ڕاگەیاند.
ئێستا لەهەرکات زیاتر لە ناوخۆی عێراقدا ئامادەکاریی بۆ گوشاری دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لەو وڵاتە و داخستنی بنکە سەربازییەکانی دەستپێکردووە.
بەڵام ئەنقەرە هەوڵدەدات بوونی بنکە سەربازییەکانی لە عێراقدا بپارێزێت، ئەمەش گوزارشت لە ئاڵۆزی دیمەنەکە دەکات و پرسیار لەسەر ئایندەی ئەم ئامادەبوونە و کاردانەوەکانی لەسەر لایەنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق دەوروژێنێت، بەوەی ئایا هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان کاریگەری لەسەر پاڵنەرەکانی تورکیا بۆ مانەوەی لە عێراق دەبێت، یان هۆکاری دیکە هەن بۆ درێژەدان بەئامادەبوونی سەربازی خۆی لە ناو خاکی عێراقدا؟
داواکاری بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کەریم ئەلمحەممەداوی بۆ ماڵپەڕی ئەلحورە وتویەتی؛ لیژنەکەیان “دیدێکی ڕوونی هەیە” سەبارەت بە پێویستی وەرگرتنی بڕیارێک کە پێویستی بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق هەبێت.
ڕوونیشیکردەوە، لیژنەکەیان “بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی پەڕلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارێک کە تورکیا پەیوەست بە پاشەکشە بکات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا”.
ئەلمحەممەداوی ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی هێزەکانی تورکیا لە عێراق “چیتر ڕەوا نییە”، بەتایبەتی دوای بانگەوازی سەرۆکی پارتی کرێکاران بۆ دانانی چەک و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەنگاونان بۆ ڕێڕەوی سیاسی.
سەرۆکی لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە ” بوونی سەربازی تورکیا لە عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، بەتایبەتی کە ئەم ئامادەبوونە بەپێی ڕێککەوتنە فەرمییەکان ئەنجام نەدراوە، ئەمەش داگیرکردنی خاکی عێراقە”.
هەڵکێشانی ڕەگێکی پۆڵاین
مەجید ئەلقەیسی شارەزای بواری ئەمنی بە ئەلحورەی ڕاگەیاندووە، سەرکردایەتی سەربازی پارتی کرێکاران کە لەو مەیدانەدا کاردەکەن، لە قۆناغی ئێستادا پابەند نابن بە بانگەوازی ئۆجەلان، بەتایبەتی سەبارەت بە چەکداماڵینی تەواوەتی، چونکە پێیان وایە ئەم بانگەوازە لە ئەنجامی فشارەکانی حکومەتی ئەنقەرەیە بۆ سەر ئۆجالان.
بە وتەی ئەلقەیسی، بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا بەردەوامن و فڕۆکەکانی تورکیاش بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئامانجەکانیان.
ئەلقەیسی، دەڵێت؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ وە، زیندانی کراوە، چەندین ساڵە پەیوەندی لەگەڵ پارتەکەی و سەرکردەکانی بچراوە، ئەمەش ئەو بیرۆکەیە پتەوتر دەکات کە جێبەجێکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی لە ئەستۆی سەرکردایەتی سەربازییە پارتەکەیەتی.
جگە لەوەش ئەم پارتە چەندین ڕەوتی لەخۆگرتووە کە ڕەنگە لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری و چوونە ناو دانوستان نەبن، کە ڕەنگە ئەو دەستکەوتانە بەدەست نەهێنن کە دەیانەوێت.
سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پێیان وایە کۆتایی هێنان بەشەڕ بەبێ گەیشتن بە مافەکانی کورد لە تورکیا کۆتایی نایەت، “ئاماژەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە پەکەکە، ئامادە نییە بۆ داماڵینی چەک و چوونە ناو دانوستان، ڕەنگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕاگرتبێت، بەڵام پرسی داماڵینی چەک بەدەرە لەم کارە”، بە گوتەی ئەلقەیسی.
سەرەڕای بوونی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە چەند بوارێکدا، کە دیارترینیان لایەنی ئەمنییە، کە لە مانگی ئابی 2024 واژۆ کراوە، بەڵام مەجید ئەلقەیسی شارەزای بواری ئەمنی پێیوایە بوونی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق پێشێلکردنی سەروەری ئەو وڵاتەیە.
بەپێی ئەوەی لە لایەن وەزارەتی بەرگری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا ٣٧ بنکەی سەربازی بوون، بەڵام بە وتەی ئەو شارەزا ئەمنییە لەئێستا ژمارەی بنکە سەربازییەکانی بە ٨٥ بنکەی سەربازی مەزەندە دەکرێن.
شۆڕش لە نێوان “دیوارەکانی سازان”دا
پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، عیسام ئەلفەیلی، پێی وایە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکاران بە تەواوی جێبەجێ ناکرێ، هەروەها ناتوانێت سەرکردەکانی ئەو حزبە ڕازی بکات کە بەشداری دانوستانی ئاشتیانە بکەن.
ئەلفەیلی پێی وایە خوێندنەوەی سیاسی بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەیەوێت چارەسەرێک بۆ قەیرانێکی بەردەوام دروست بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا ئاماژەی ناڕاستەوخۆیدا کە بڕیارەکە لە دەستی سەرکردایەتی “پەکەکە” یە.
ئەو پێی وایە تورکیا خاکی عێراق بەجێناهێڵێت، بەو پێیەی بوونی خۆی لەوێ بە بەشێک لە مافێکی مێژوویی دەزانێت کە پەیوەندی بە بانگەشەی خۆیەوە هەیە بۆ پارێزگای موسڵ، هەروەها بوونی بە بەشێک لە ستراتیژییەتی خۆی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەزانێت کە لەبەرامبەر ڕکابەرێکی بەهێزدا هەیە، کە ئەویش بوونی ئێرانە لە عێراق.
جگە لەوەش تورکیا بوونی سەربازی خۆی لە عێراق بە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەبینێت، خۆی بە یەکێک لەو زلهێزانە دەزانێت کە دەبێت بوونی کاریگەری هەبێت، هەروەها بوونی ئەویش بە پاراستنێک دادەنرێت بۆ ئابوورییەکەی، بەتایبەتی کە چەندین کۆمپانیای گەورەی ئابووری تورکیا لە عێراقدا کاردەکەن.
ئەلفەیلی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر پەرلەمانی عێراق دەنگیش بدات بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا، ئەمە کارتێکی گوشار دەبێت بۆ سەر ئەنقەرە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەستەمە، چونکە بەغدا خاوەنی توانای سەربازی نییە بەراورد بە تواناکانی تورکیا، باشترین چارەسەری ئەم پرسەش تەنها لەڕێگەی بەنێودەوڵەتیکردن و دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت کە داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق بکات.