بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆسەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و نرخەکەشی بەو شێوەیە نیە لە ھەندێک میدیا باس دەکرێت.
فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئاواتەکانی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی کارەبا، هاوکات پڕۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەپێی پلان و بەرنامەی حکومەت ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری، بۆیە ئەوەی باس لە گرانی نرخی ئەو کارەبایە دەکات ڕاست نییە، چونکە چەند حاڵەتێک باسکران كە خۆمان بە دواداچوونمان بۆ کردن.
ناوبراو باس لە حاڵەتەکان دەکات و دەڵێت، یەک دوو کەسی بەتەمەن باسیان لەوەکرد ٥٠٠ ھەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، دیار بوو لەوکاتەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھەبووە کارەبای باشیشی بەکارھێنابوو ئەوەندەی بۆ ھاتبووە و یەکێکی دیکەش دووکاندارێک بوو باسی لەوەکرد پارەیەکی زۆری بۆ هاتووەتەوە دیاربوو دووکانەکەی ئامێرێکی زۆری کارەبایی دانابوو، بۆیە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە مانگانە.
فارس میرخان باس لەوەش دەکات، نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەگەڵ ئەو کارەبایەی ئێستا ھەیە تۆزێک جیاوازی ھەیە، چونکە پێشتر و ئێستاش حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێدانی کرێی کارەبا پاڵپشتی ھاووڵاتیان دەکات، کە لەسەر حکومەت بە ١٥٦ دینارە بۆ ھەر کیلۆ واتێک، واتا حکومەت تەنھا ١٨ دیناری وەردەگرت و ئەوەی دیکە حکومەت دەیدا، ئێستاش کە بۆتە ٢٤ کاتژمێری کارەبا ناگاتە ئەو نرخەی حکومەت خۆی بەرھەمی دەھێنێت، بۆیە لەو پڕۆژەش حکومەت خۆی پاڵپشتی دەکات.
هاوکات میرخان نموونەیەک باس دەکات و دەڵێت، ئەگەر خێزانێک ئێستا کارەبای مۆلیدە چوار ئەمپێر بەکار بێنێت دەگاتە نزیکەی ٧٠ ھەزار دینار ئێستا بەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبای بەردەوامت دەبێت و دەتوانی ھەموو ئامێرەکانی کارەباییش پێبکەی و ئەگەر کەمتریش بێت کەمترت بۆ دێتەوە، بۆیە ئێستا پڕۆسەکە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و سۆران و سەنتەری شارەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو ٢٠٢٦ ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
