spot_imgspot_img

ڕاوێژکارێکی ترەمپ بۆ سوودانی: لێخۆشبوون لە سزاکاناتان بۆ درێژناکاینەوە

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگاداردەکاتەوە لەوەی جارێکی دیکە لێخۆشبوون لە سزاکانیان بۆ درێژناکانەوە سەبارەت بە کڕینی غازی سروشتی ئێران و داواشی لێکرد کێشە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چارەسەر بکات.

مارک واڵتز، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و دوای پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەەمەزان، نیگەرانی خۆیشی لە لافاوەکەی بەغدا دەربڕی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی شەپۆلێک بارانبارینەوە لە پایتەخت دروست بوو.

واڵتز، سوودانی ئاگادارکردەوە لەوەی ئەمریکا لێخۆشبوون لە سزاکان بۆ عێراق درێژناکاتەوە سەبارەت بە کڕینی غازی سروشتی کە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارەکەی لە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”دا دێت کە ئیدارەکەی ترەمپ لە دژی کۆماری ئیسلامیدا پەیڕەوی دەکات.

واڵتز ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ سەربەخۆبوون لە کەرتی وزەدا و داواشی لە سوودانی کرد بوار لە بەردەم کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕەخسێنێت بۆ وەبەرهێنان لە هەردوو کەرتی نەوت و غاز و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق، جەختیشی لە گرنگیی بنیادنانی پەیوەندییەکی ستراتیژی کردەوە بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی دوولایەنەوە و پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکان و پتەوکردنی هاریکاری ئابووری.

هاوکات داواشی لە سوودانی کرد ڕێکخەرێکی وەبەرهێنان بۆ هاریکاریی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دەستنیشان بکات کە خوازیارن لە عێراقدا کاربکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە