هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا پەلاماری گەڕەکی شەێخ مەقسودی حەلەبیان دا و ژمارەیەکیان کوژران.
چالاکوانانی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویانکردەوە، هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا پەلاماری گەڕەکی شەێخ مەقسودی حەلەبیان داوە کە دانیشتووانەکەی کوردن.
ڕوونیشیانکردەوە کە زیاتر لە پێنج چەکداری ئەو هێزانە کوژران و ژمارەیەکیشیان بەدیل گیراون، بەڵام ئەم زانیارییە بە فەرمی پشتراست نەکراوەتەوە.
هەر لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا سێ کارمەندی ئاسایشی ناوخۆ و هاووڵاتییەکیش برینداربوون.
ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی کە چەکدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع بۆ سەر ناوچە عەلەوییەکانی ڕۆژئاوای سووریا دەستیان پێکردووە و تۆمەتباریش دەکرێن بەوەی کە بەناوی بەرەنگاربوونەوەی پاشاوەکانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، چەندین کۆمەڵکوژییان لە دژی عەلەوییەکان ئەنجامداوە.
هەر ئەمشەو خۆبەڕیوەبەریی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی دۆخی شارەکانی ڕۆژئاوای سووریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بە توندی ئەو تاوانانە ئیدانە دەکەین کە لەو ناوچانەدا کراون و لیژنەی لێکۆڵینەوەش بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان پێکبهێنرێت.
هاوکات مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە ئەحمەد شەرع کرد لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی ئەو ناوچانە بکات.
