یاسین عومەر
ئەوکاتەی کە دەبیتەوە بە خۆت، حەق و حەقیقەت دەکەیتە سەنتەر و چاوپۆشیی دەکەیت لەوەی کێ چاکە دەکات ستاییشی بکەیت و کێش خراپی کرد لانیکەم لە دڵەوە سەرزەنشتی بکەیت، ئەمەیە زۆر بە سادەیی مرۆڤبوون، یەک پەرەگرافی سادە بەڵام ساڵانێکت دەوێت لە ڕیازەت و خۆداماڵین و کفرکردن بە هەر باوەڕێک کە تۆ دەکاتە لایەنگری خراپەکارێک؛ بۆ ئەوەی پێی بگەیت.
تۆ سێکویلارێکی داخلەدڵیت بەرانبەر بە دین و دینداران، بۆ تۆ خوێنڕێژێکی وەکو سیسیی، ئەگەر هەموو میسڕ بە پاساوی ئیخوان موسلیمین ڕەشەکوژ بکات بەبای خەیاڵتدا نایەت، ئەگەر نەتەنیاهۆ هەموو عەرەب و فەلەستین بتوێنێتەوە دڵت نالەرزێت، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو ئەفغانستان زیندەبەچاڵ بکات وەکو ئەوەیە مێشوولەیەکت بە چەپۆکێک پلیشاندبێتەوە.
خۆ تۆ ئەگەر شیعەیت ئەوە هەرچی سوننەی دونیایە بکوژرێت و لاقە بکرێت و بسووتێنرێت؛ لە ڕەوزەخوێنیی و سەڵاواتی خۆت ناکەویت و شەو زۆر ئاسوودانە سەر دەنێیتەوە، بۆیە درێژەی نادەمێ چونکە ژمارەیەکی زۆر کەم لە شیعەمەزهەب ئەم نووسینەی من دەخوێننەوە. خۆ ئەگەر سووننیی بیت لە هەرکام لە رەوتەکانی (سۆفیی، سەلەفی، ئیخوانی)، ئەوە تۆ مەحکوومیت بەوەی کە هەر کەسێک جگە لە مسوڵمانێکی سووننیی هەرچییەکی بەسەر بێت، تۆ گوێی پێ نەدەیت، لەوەش خراپتر ئەگەر جەللادەکە هاومەزهەبت بوو، پاساویشی بۆ بهێنیتەوە.
هەموو ئەو بیروباوەڕانە بیرباوەڕی جیاکارانە و فاشیستییانەن، ڕەوتی هەرەزاڵ لە دونیای ئێمەدا ڕەوتی یەکەم و سێیەمن، لەناو ڕەوتی دووەمدا هەمیشە ئاراستەیەکی مرۆڤدۆستانە هەبوون بۆ بەرگرییکردن لە قوربانیییەکان جا هەر ناسنامەیەکیان هەبووبێت، بەڵام ڕەوتی سێیەم کارەساتی کارەساتەکانە و هەتا ئێستا زۆر بە دەگمەن نەبێت هاوسۆزییەکمان لێ نەدیوە بۆ هەر قوربانییەک لە دەرەوەی بیروباوەڕ و مەزهەب و فیرقەکەی ئەوەوە بووبێت.
سووننییبوون جۆرێکە لە دەرمارگیریی کە هەندێجار هەست دەکەم تەنیا خودا توانای شیفادانی مرۆڤی تووشبووی هەیە، سووننییبوون دیوی ئەودیوی شیعەگەراییە، چونکە بە ئاوی فیرقەی ناجییە و خەیرە ئوممە ئاو دراوە، ناتوانێت کەمترین هاوسۆزیی هەبێت، لە سوودان کاتێک ئەحمەد حەسەن بەشیری سووننیی قەتڵ و عامی دارفۆرییەکانی دەکرد، بەدەگمەن هاوسۆزییەکمان لە سووننیەکان بینی، لە سعودییە ساڵها بوو دەسەڵاتی ئالسعود شیعەی سعودییەیان تار و مار دەکرد، بەڵام یەک مسوڵمانی سووننی نەبوو قسەیەکی خێر دەربارەی ئەو شیعانە بکات کە بە حەق ئالوبەیتی حەزرەتی محەممەد بوون (دروودی خوای لێ بێت)، لە توورکیا دۆخەکە کارەساتبارتر بوو، گریمان ئاردۆگان لە چەوساندنەوەی کورد و عەلەویی و عەرەبەکاندا پاساویی بەکرێگیراویی هەیە، ئەی تارومارکردنی برا دینییەکانی خۆی، بەنەفرەتکردنی یەکێک لە مەرجەعەکانی سووننە لە توورکیا، تەنانەت ئەوەش نەیتوانی ویژدانی ئەهلی سووننە بجووڵێنێت، مادام قوربانیی دەستی براکەم لەو ڕەوتەی من نییە با بڕوات بۆ جەهەننەم.
ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت تاقییکردنەوەیەکی دیکەی ویژدانی سووننیستە کوردەکانە، ئەوان دژی بەششار ئەسەد بوون، لەبەر ئەوە نا کە خوێنڕێژ بوو، خۆ پێشتر سەددام حسێن لەو خوێنرێژتر بوو، ئەی بۆ دژی نەبوون، چونکە قوربانییەکانی شیعە بوون، ئێستاش کە پاڵپشتیی جۆلانیی و گرۆهە تیرۆریست و سایکۆپاتەکەی دەکەن لەبەر ئەوەیە کە شەرعی چاوڕەش هاومەزهەبیانە و قوربانییەکانیشی لەو ڕافیزییە بێدینانەن کە لە فیرقە ناجییەکەی ئەوان تەرە بوون. جەنگ هەرگیز پاساوێکی گونجاو نەبووە بۆ وەحشیگەرایی، من دەزانم جەنگ و لەگەڵیشیدا خراپەکاریی و شەڕانگێزیی دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند و سەراسیمەکەرە و ئەگەر بە قووڵاییەکەیدا ڕۆبچیت ڕەنگە ئیمان بە هەموو شتێک لە دەست بدەیت، بۆ ئەوەی ڕۆحت سەلامەت بێت خۆت دابماڵە لە هەر پێشداوەرییەک، بکوژی منداڵ و بێتاوانی فەلەستینیی هیچ جیاواز نییە لە بکوژی منداڵ و ژن و بێتاوانی ئیسرائیلیی، بکوژی سووننەیەکی بەغداد هێندەی بکوژی شیعەیەکی نەجد تاوانبار و سایکۆپات و بێشەرەفە.
دونیای ئێمە بەشێکی زۆری بەوە چاک دەبێت کە چاوپۆشیی لە ناسنامەی تاوانبار بکەین، چاوپۆشیی لە ئینتیماکانی بکەین و کار و کردەوەی بەنەفرەت بکەین، هەتا ئەوکاتەی کە دەتوانین بە هێز بیوەستێنین، لانیکەم بە گوفتار دژی بین، ئەگەر گوفتاریش ڕێپێدراو نەبوو، ئەزعەفولئیمان لە دڵەوە بەنەفرەتی بکەین. ڕاستییەکەی هەر ڕەوتێکی سیاسیی لە جەنگدا پەنای بردە بەر سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوە، ڕەوتێکی تاوانبارە، جا ناسنامەی هەرچییەک بێت و زادەی هەر بیر و فیکرێک بێت.