پارێزگاری دهۆک راگەیاندنی پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و دەڵێت”پرۆژەی ڕووناکی هەرزانترین و بێ کێشەترین پرۆژەیە”.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی لەسەرجەم شار و شارۆجکەکانی پارێزگای دهۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئامێدی وەک قەزایەکی نموونەیی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری جێبەجێکرا، ناوەڕاستی پارێزگای دهۆکیش بەهەمان شێوە کارەبای 24 کاتژمێری پێگەیشت
ئاماژەی بەوەشدا، دژایەتیکردنی هەندێ کەناڵی میدیایی بۆ پرۆژەی ڕووناکی بۆ ئەو سیاسەتە دەگەڕێنێتەوە کە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ پرۆژەکە دروست بکەن، بەڵام هاووڵاتییان خۆیان دەزانن ئەو پرۆژەیە چەندە گرنگ و سوودبەخشە.
پارێزگاری دهۆک ئەوەشی ڕوونکردەوە، دژایەتیکردنی ئەم پرۆژەیە ئاستەنگی دروستکردنە، و دەتوانن مەیدانی لەوانە بپرسن کەلەمانگەکانی ڕابردوودا بەشدارییان لە پرۆژەکە کردووە، و پێشتر چەند پارەی کارەبای موەلیدەیان دەدا، ئێستا چەند پارە دەدەن، لەگەڵ ئەوەی پرۆژەکە زۆر بێ کێشەتر و چاکترە، هاووڵاتییان دەزانن پرۆژەی ڕووناکی لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دووڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمیرییە لە چەند گەرەکێکی شاری سلێمانی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەمزوانەش لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکان پرۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
