spot_imgspot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە

ئەمریكا لەسەر عەلەوی و كورد و پێكهاتەكانی سووریا هاتەدەنگ

دوابەدوای ئەو كۆمەڵكوژییەی لە ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای سووریا لە ناوچەی عەلەوییەكان ڕوویدا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی نوێی سووریا و ئەحمەد شەرع ڕەخنەباران دەكەن و دەیخەنە بەردەم بەرپرسیارێكی یاسایی و دیموكراسی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانكاران و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەییەكانی ئەو وڵاتە.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، حکومەتی نوێی سووریا بەرپرسیارە و پێویستە ئەو کوشتوبڕە دژی پێکهاتەکانی سووریا ڕابگرێت.

وتیشی، “ئەمریکا پاڵپشتیی لە کەمایەتییە ئایینی و ئیتنییەکانی سووریا، لەنێویاندا، کریستیان، دروز، عەلەوی و کۆمەڵگەی کوردی دەکات” و ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریکا سەرەخۆشی لە کەسوکار و خێزانی قوربانییەکان دەکات.

بەپێی دوایین ئاماری سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپەکانی نزیکیان، زیاتر لە 740 کەسی مەدەنی عەلەوییان لە لازقییە و تەرتوس کوشتووە.

لای خۆشیەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە داوا لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئێستای سووریا دەکات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات، کە کۆمەڵکوژییان لەناوچە عەلەوی نشینەکانی سووریا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ئەحمەد شەرع بە شێوازی پێکهێنانی سوپای نوێی سوریا و هەڵسوکەوتی گروپە چەکدارەکاندا بچێتەوە.

هاوكات، ڕێپێدراوی نێونەتەوەیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، “ڕاپۆرتی نیگەرانیکارمان لەبارەی کوشتنی هەموو بەبارمتە گیراوەکان لەنێویاندا ژنان و منداڵانمان پێشگەیشتووە، لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا”.

جەختیشی كردەوە، دەسەڵاتی دیمەشق پابەندی خۆی بۆ سەروەری یاسا پیشانداوە، بۆیە پێویستە لێکوڵینەوەی خێرا و ڕوون لەهەموو ئەو کردەوە کوشتن و تاوانکاریانە ئەنجامبدرێت، کە ڕوویان داوە.