بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “بۆ ئەوەی بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست نەبێت، ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەبن بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان تاوەکو پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ تەواو دەبێت و مووچەشیان بەتەواوی پێدەدرێت”.
د.سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، “بەھۆی بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ ھەزار و ٥٠٠ مامۆستا خانەنشین دەبن”.
ئاشكراشی كرد، بۆ ئەوەی بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست نەبێت، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە ئەو مامۆستایانە لە دەوامی خۆیان بەردەوام بن تا ئەمساڵی خوێندن تەواو دەبێت، بۆ ئەوەی بۆشایی لە پرۆسەی خوێندن دروست نەبێت.
وتیشی، “ھەر مامۆستایەک خانەنشین بووبێت مووچەی چەندی کەمبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیان پێ دەدات، بۆیە ئەو ڕێژەی مووچەی مامۆستایان بەھۆی خانەنشینی کەم دەبێتەوە بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵی خوێندن، بۆ ساڵی داھاتوو ڕاستە گرفتی کەمی مامۆستا دروست دەبێت، بەڵام ھەوڵ دەدەین تا ئەو کاتە ئەو گرفتە چارەسەر بکەین، ئەوەی گرینگە ئەمساڵ گرفتی کەمی مامۆستا دروست نەبێت تا ساڵی خوێندن تەواو دەبێت”.
