نوخشە ناسیح: پێش 16ی مانگ مژدە خۆشەکە ڕادەگەیەنین

شاندێک لە کەسایەتییەکانی هەڵەبجە و قائیمقامی شارەكە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

شاندەکە نامەیەکیان بەناوی هەڵەبجەییەکانەوە ڕادەستی مەحمود مەشهەدانی کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکات بۆ بەپارێزگابوون.

نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە، دەڵێت “ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە (16-03-2025) نزیکبووەتەوە و تەمەنی پەرلەمانی عێراقیش زۆری نەماوە، بۆیە دەمانەوێ پێش ئەو وادەیە، پەرلەمانی عێراق دەنگ بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات و وەکو پارێزگای 19ـیەمی عێراق بیناسێنێت.”

وتیشی: گەشبینین بە سەردانەکەمان پێش 16ی 3 مژدەی خۆش بەخەڵکی هەڵەبجە ڕادەگەیەنین و لەپەرلەمان دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی دەدرێت.

ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی (بیارە، بەمۆ، سیروان).

لای خۆیەوە سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو سەردەمانێک کە ئۆپۆزسیۆنی عێراق بووە لە هەورامان ژیاوە و خۆی بە هەڵەبجەیی دەزانێت و وەک هەڵەبجەییەک پشتیوانی هەڵەبجە دەبێت و بەرگری لە مافی خەڵکی هەڵەبجە دەکات و ئەو پڕۆژە یاسایەش بە پڕۆژەی خۆی دەزانێت.

دواتر شاندەکە لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و د.موسەنا ئەمین و ئاریان تاوگۆزی، پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا کۆبوونەوە.

شاخەوان عەبدوڵا بەڵێنی دا: هەموو توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆئەوەی لەم خولەی پەڕلەماندا پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکرێت.

راشیگەیاند، وەک سەرۆکایەتی پەڕلەمان و فراکسیۆنە کوردییەکان بێ جیاوازی هاوڕان، کە لە نزیکترین دانیشتنی پەڕلەماندا پڕۆژە یاسای هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە