کۆتایی مانگی رابردوو، عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیکراوی پە.کە.کە پەیامێکی بڵاوکردەوەو داوای چەک دانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی لە پە.کەکەی کرد، دیارە پەیامەکە دەرئەنجامی گفتووگۆی چڕی پێشووتری بوو لەگەڵ لایەنەکاندا.
ئۆجەلان بەو پەیامەی بڵاویکردەوە بەرپرسیارێتی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پیشاندا، یاخود دەکرێت بڵێین؛ ئۆجەلان لە دیوی کوردەوە خاوەندارێتی لە پرسەکە کرد، بەڵام لە دیوی تورکیاوە هەست دەکرێ خۆ بە خاوەنکردنی پرسی ئاشتی خۆی لێدەدزرێتەوە.
ئەردۆغان ئیزدیواجیانە قسە دەکات، جیا لەوەی هەڕەشە دەکات ناشیەوێ خۆی بکاتە خاوەنی پرسی ئاشتی لە تورکیا، ڕەنگە ئەمە بەشێکی ترسی بێت لە شکستهێنانی پرۆسەکە ، بەشێکی تری خۆ بەدوورگرتنی بێت لە توڕەیی شەقامی تورکی و بەشەکەی تریشی یاری بێت. بۆیە لەمەسەلەی ئاشتیدا ئەردۆغان خۆی کەمتر ڕۆڵ دەبینێت، زیاتر دەورەکەی بۆ باخچەلی و بەرپرسانی تری حکومەتەکەی بەجێهێشتووە.
ئۆجەلان پەیامەکەی بڵاوکردەوەو پەکەکەش سیاسییانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد، خێرا پێشوازییان لەپەیامەکە کردو بە کۆمەڵێک مەرج و داواکارییەوە پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاند.
شێوازی مامەڵەی پە.کەکە لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان هەندێک یاری قەڵپ کردەوە، پێدەچێت تورکیا پێیوابووبێت پەیامەکە ناکۆکی و ئینشیقاق لە نێو پە.کەکە دروست دەکات، بەڵام پە.کەکە بەجۆرێک مامەڵەیان کرد یەکگرتووی خۆیان پاراست و ڕێگرییان لە یارییەکەی دژیان گرت و رێزیشیان لە پەیامی سەرۆکەکەیان نا.
ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک قەڵپ بووەتەوە، پرسی ئاشتی و پەیامەکەی ئۆجەلان خەریکە دوو بەرەکی لە نێو شەقامی تورکیادا دروست دەکات، بەشێک دژ و بەشێک ڕازی، کە ڕەنگە عاقیبەتی بە جۆرێک بێت هەر بەرپرسەو بەجۆرێک لێی بکشێتەوە.
سەرهەڵدانەوەی گفتووگۆو پرسی ئاشتی لە دۆخ ئاساییدا نییە، بەڵکو لە دۆخێکدایە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایەو تورکیا زنۆقی لە گۆڕانکارییەکان چووە، بەتایبەت بەهۆی کێشمەکێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەوەی لە ڕابردوودا دەرفەتی بۆ تورکیا ڕەخساندووە تا ببێتە ئەم هێزە گەوەرە، بوونی بووە لەبەرەی رۆژئاوا بەڵام ئێستا پێکدادانی لەگەڵ ئەم بەرەیە زۆرە، واقیع و هەندێک فاکتەری سیاسی و ئابووری و نێودەوڵەتی پێکەوە هێشتوونیەتەوە.
ئێستا وا خەریکە ڕۆڵی ئێران کەمدەبێتەوە، بێگومان دواتر نۆرەی تورکیایەو ڕێگەی پێنادرێ هاوشێوەی ئێستا کوێخایانە مامەڵە بکات، ئەوەشی تورکیا لەم کەین و بەینەدا لێی دەترسێت مەسەلەی کوردە.
ڕەنگە ترسی تورکیا واقیعیش بێت، چونکە عيراق دووچاری پێکدادان بوو لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کورد بووە خاوەنی قەوارە. سوریا تەنگی پێهەڵچنرا کورد بووە خاوەن پێگە، ئێران لە ململانێدایە لەگەڵ رۆژئاواو کورد چانسی هەیە، بۆیە هەر ڕووداوو گۆڕانکارییەک لە تورکیا، کارتی کورد باشترین کارت دەبێت تا لە دژی بەکاربهێنرێ.
جیاواز لەو ترسەی لە گۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکانی ناوچەکە هەیەتی، خودی ئەردۆغانیش لە هەر هەنگاوێک کە نابێتی ئامانجی شەخسیشی هەبووە، بە تایبەت ئێستا تموحی مانەوەی لەدەسەڵات هەیەو بۆ ئەمە پێویستی بە کورد دەبێت.
لەهەموو بارێکدا پرسی ئاشتی لە تورکیا لەکاتێکدا هەنگاوی بۆ نراوە، دۆخی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا زەمینە سازی بۆ نەکراوە، لەسەردەمی ئەتاتۆرکەوە تا ئەمڕۆ تۆوی ڕق لە دژی کورد دەچێنرێ، بۆیە ئاسان نییە شەقامی ئەو وڵاتە بەمخێراییە پرسێکی وا گرنگی پێ هەزم بکرێ.
وەلحاڵ، ئۆجەلان پەیامی خۆی بڵاوکردەوەو پەکە.کەش وەڵامی دایەوە، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی تورکیادایە کە دەکرێت بڵێین؛ تۆپەکە بووەتە ملی و نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکات، بۆیە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گوتارەکانیان تا ڕادەیەک شپرزەیی پێوە دیارە.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەرگرتنی مەحاڵ نییە، بەڵام ئەگەرەکان بۆ سەرگرتنی لاوازن، کۆسپ و تەگەرەکان زۆرو گەورەن، بۆیە گەرپرۆسەکە سەریش بگرێ ، پرۆسەیەکی دوور و درێژ و کاتی زۆر دەوێت.
خۆ گەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا شکست بهێنێت، ئەوا کورد و پەکە.کەش براوە دەبن، بەو پێیەی لای دونیا دەرکەوت کورد ئاشتی دەوێ، بەڵام ئەوە تورکیایە نایکات، هەروەک پەکە.کەش وەکو هێز سودمەند دەبێت بەوەی ناوی لە لیستی تیرۆردایە، کەچی لەسەر ئەرزی واقیع دژی ئاشتی نەبوو.
جگە لەوانەش، شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەم پرسە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەباتە دواوە، بەوەی ئۆجەلان لە دوا قۆناغەکانی تەمەنیدایەو ڕەنگە چیتر نەتوانێت ئەم ڕۆڵەی ئێستا بگێڕێت، متمانەش بە جۆرێک نامێنێ دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی تری هاوشێوە قورس و زەحمەت دەبێت.
بێگومان لە حاڵەتی شکستهێنانی پرۆسەکە، تورکیا پێویستی بە بیانوو دەبێت، پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەبێت بۆ دەربازبوونی لە دۆخی ئیحراجی، بۆ ئەمە ڕەنگە پەنا بباتە بەر فشاری توندتر لە پە.کەکەو ڕەنگە فشارەکان کوردی سوریاش بگرێتەوە.