بڕیارە فەجێکی پۆلیس لە کەرکووک پێکبهێنرێت و سەرۆکی لیژنکەی کشتوکاڵیش لە ئەنجوومەنی کەرکووک دەڵێت، ئامانج لێی جێبەجێکردنی یایسای گەڕانەوەی زەویوزارەکانە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان.
عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاند، لەسەر داوای پارێزگاری کەرکووک فەوجێكی پۆلیس بۆ پاراستنی زەویوزاری جووتیاران لە سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە پێكدەهێنرێت.
وتیشی: “وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەزامەندیی لەسەر پێکهێنانی فەوجەکە دەربڕیوە و ئێستاش بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک سەرقاڵی رێكخستنی میلاكە، کە لە 500 کەس پێکدێت”.
دەربارەی ئامانج لە پێکهێنانی فەوجەکە و ئەرکەکانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، ” ئامانج لە پێکهێنانی ئەوەیە چیتر سوپا دەستوەردان لە كێشەی جووتیاراندا نەكات، هەروەها جێبەجێكردنی یاسای گەڕانەوەی زەویوزاری جووتیاران بۆ خاوەنە راستەقینەكانیان، ئەركی سەرەكیی فەوجەکە دەبێت و راستەوخۆش فەرمان لە دادگا و ئیدارەی کەرکووک وەردەگرن”.
