spot_imgspot_img

ڕۆن دێرمەر… عەقڵی ناتانیاهۆ و بڕیاردەری گەورە

 سەرۆکی تیمی دانوستانکار، بۆ ئاگربەست 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێی باش بوو، لەگەڵ نزیکترین متمانەپێکراوی خۆی، وەزیری کاروباری ستراتیجی، ڕۆن دێرمەر، بچێتە دانوستان بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کە لەبری سەرۆکی ڕێکخراوی مۆساد و شین بێت، ڕایسپارد بۆ سەرکردایەتیکردنی دانوستانەکان.

هەڵبژاردنی سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی-ئەمریکی ڕۆن دێرمەر، پرسیار لەبارەی هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییە دەوروژێنێت کە میدیاکانی ئیسرائیل بە نزیکترین کەس لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان وەسفی دەکەن.

کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل دەڵێت، ڕۆن دێرمەر یەکێکە لە کەسایەتییە بەهێزەکانی حکومەتی ئیسرائیل و “ناتانیاهۆ بەبێ ئەو ناجوڵێت”.

ڕۆن دێرمەر کێ یە؟

سیاسەتمەدارێکی ئیسرائیلی بەڕەچەڵەک ئەمریکی یە، لە ساڵی ١٩٧١ لە میامی بیتچ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا لەدایک بووە.

خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری ئابووری و بەڕێوەبردن لە زانکۆی پێنسیلڤانیا، هەروەها بڕوانامەی دیپلۆمی لە فەلسەفە و ئابووری و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەدەستهێناوە.

لەکاتی خوێندنی لە بەریتانیا، سەرکردایەتی ڕێکخراوی هاوبەش بۆ ژیان دەکات، کە ڕێکخراوێکی خوێندکاری جوولەکە بووە.

ناوبراو لە پارتی ئیسرائیل بەعلیە کە ناتان شارانسکی سەرۆکایەتی دەکرد، چالاک بوو و دارێژەری ستراتیجی ئیسرائیل بەعلیە بوو لە هەڵبژاردنەکانی کنێست لە ساڵی ١٩٩٦دا، ئەمەش وای لێکرد لە ساڵی ١٩٩٧ کۆچ بکات بۆ ئیسرائیل، نەک بگەڕێتەوە ئەمریکا.

هەروەها دێرمەر بۆ شارانسکی کاری کردووە کاتێک بووە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتەکەی ئەیهود باراکدا.

لە ساڵی ٢٠٠٠ شارانسکی پێشنیاریکرد کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دێرمەر کۆببێتەوە، لەو کاتەوە لێی نزیک بووەتەوە و ئامۆژگاری کردووە.

نووسەری گۆشەی یاری ژمارەکان

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٤، دێرمەر دەستیکرد بە نووسینی ستوونی خۆی بەناوی “یاری ژمارەکان” بۆ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، کە نووسینەکانی لەسەر دۆخی ئیسرائیل بووە.

هەروەها لە بابەتەکانیدا هێرشی کردە سەر یاسر عەرەفات و مەروان بەرغوسی و چەپە ئیسرائیلییەکان کە لە ساڵی ٢٠٠١دا ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لەگەڵ عەرەفات دەربڕی و سەرکردەکانی بە “خیانەتکارێک کە ئاسایش و داهاتووی ئیسرائیل دەخەنە مەترسییەوە” لە پێناو ڕێککەوتنە ناڕوونەکانی ئاشتیدا وەسفدەکرد.

لە یەکەم پۆستی فەرمی حکومیدا

لە ساڵی ٢٠٠٥ دێرمەر لە یەکەم پۆستی فەرمی حکومیدا ڕەوانەی واشنتۆن کرا، وەک نێردەی کاروباری ئابووری لەباڵیۆزخانەی ئیسرائیل، کاتێک ناتانیاهۆ وەزیری دارایی بوو لە سەردەمی ئاریێل شارۆن.

قبوڵکردنی ئەو پۆستە پێویستی بەوە بوو دەستبەرداری ڕەگەزنامە ئەمریکییەکەی بێت و لە ڕۆژنامەی نیویۆرک سەن بابەتێکی نووسی و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد: “هەرگیز نکۆڵی لە ئەمریکا و گەلەکەم ناکەم و وەک نەوەیەکی دڵسۆزی ئەو، خیانەت لە بنەماکانی ناکەم”.

لەڕاستیدا دێرمەر سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە و لە ماوەی کارکردنیدا وەک نێردەی ئابووری، یارمەتی دەستەبەرکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ساڵی ٢٠٠٧ی داوە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ درێژەی کێشا، سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل.

دوای گەڕانەوەی بۆ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٨، دێرمەر کاری لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ناتانیاهۆ کرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا.

لە کاتێکدا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بوو، بووە نزیکترین ڕاوێژکار و ڕاوێژکاری ستراتیژی ناتانیاهۆ.

لە ساڵی ٢٠١١ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لەبارەیەوە نووسیویەتی؛ “زۆرێک لە دەستێوەردانەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەدەبات، زۆرینەی وتارەکانی ناتانیاهۆ ئەم دەیاننووسێت”.

لە ساڵی ٢٠١٣ ناتانیاهۆ بڕیاریدا ڕۆن دێرمەر وەک باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەستنیشان بکات، تا ساڵی ٢٠٢١ لەو پۆستەدا بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا توانی پەیوەندییەکی فراوان دروست بکات.

دەستکەوتەکان

ماوەی سەرۆکایەتییەکەی وەک باڵیۆز لە ئەمریکا چەندین دەستکەوتی بەخۆیەوە بینی، لەوانە:

لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ (کۆتایی ئیدارەی ئۆباما)، ئیسرائیل پاکێجێکی هاوکاری سەربازیی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، بە بەهای ٣٨ ملیار دۆلار لە ئەمریکا وەرگرت، کە گەورەترین پاکێج بوو لە جۆری خۆی لەو کاتەدا.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ و لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و لە مانگی ئایاری ٢٠١٨دا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە گواسترایەوە بۆ قودس.

دێرمەر بەشداری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی کردووە لە ڕێگەی “ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام”ەوە، هەروەها پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەهۆی ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێککەوتنانە.

بەشداری لە هەوڵەکانی ئازادکردنی سیخوڕی ئیسرائیلی جۆناسان پۆلارد لە زیندانەکانی ئەمریکا کردووە.

ترەمپ ئیلهام بەخشە بۆی

دێرمەر لەگەڵ ئۆباما لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە ئیسرائیل بەتوندی دژایەتی دەکرد، هەروەها لەسەر فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئۆباما تێکهەڵچوون.

دێرمەر کەسایەتیی پشت وتارە بەناوبانگەکەی ناتانیاهۆ بوو بۆ کۆنگرێس لە ساڵی ٢٠١٥، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز  نوسیبووی، دێرمەر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتی کۆمارییەکان هاوکار بووە لە ڕێکخستنی بانگهێشتنامەکەی ناتانیاهۆ بۆ کۆنگرێس.

لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٤، ڕۆن دێرمەر میوانی خوانێکی ئێوارە بوو بۆ خوێندکارانی پێشووی قوتابخانەی بازرگانی وارتن لە زانکۆی پێنسیلڤانیا، شانبەشانی دۆناڵد ترەمپ.

دێرمەر ئەو شەوەی بەکارهێنا بۆ دەربڕینی سەرسامی خۆی بۆ ترەمپ، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئیلهام بەخشە بۆی، ڕوونیکردەوە کە لە ژێر کاریگەری کتێبی “هونەری گرێبەست”ی ترەمپدا بووە، کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا خوێندوویەتییەوە کاتێک لە ساڵی ١٩٨٧دا بڵاوکرایەوە.

دێرمەر ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەم کتێبەوە بڕیاریداوە ببێتە بازرگانێکی هاوشێوەی ترەمپ، هەروەها زانکۆی وارتنی هەڵبژاردووە، کە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لێی دەرچووە.

دوای حەوت ساڵ وەک باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، کە لەو ماوەیەدا لەگەڵ دیموکراتەکان تووشی پێکدادان بوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمارییەکان بەهێزتر کرد، دێرمەر لە تەمموزی ٢٠٢١ وەک توێژەرێکی باڵا پەیوەندی بە پەیمانگای جولەکەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا (JINSA) کرد، کە هاوبەشی میوانداری پۆدکاستێکی کرد لەگەڵ سەرۆکی پەیمانگاکە.

بەڵگەنامەکان پەیوەندییە بەهێزەکانی دێرمەریان لەگەڵ پەیمانگاکە ئاشکرا کردووە کە بە هەڵوێستە توندڕەوەکانی کۆمارییەکان ناسراوە، کە ڕۆڵی هەیە لە دووبارە داڕشتنەوەی دوکتۆرینی ئەمنی ئیسرائیل.

پەیمانگاکە بە پلەی یەکەم داوای پەیمانی بەرگریی یەکتری لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات، کە ئەمریکا ناچار دەکات وەڵامی سەربازی بداتەوە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل.

ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا ناتانیاهۆ بێرمەری ڕەوانەی واشنتۆن کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دروست بکات بۆ ڕێککەوتن لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە.

یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، دێرمەر، کەسایەتییەکە کە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئیسرائیلدا نییە، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ ڕێکخراوێکی ئەمریکی هەیە کە لە پشت پەردەوە کاردەکات بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕێباز و سیاسەتە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا.

دوای هەڵبژاردنەکانی کنێست لە ساڵی ٢٠٢٢، ناتانیاهۆ هاوڕێی نزیکی خۆی، ڕۆن دێرمەر، وەک وەزیری کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد.

 پرسە ستراتیژییەکانی پێسپێردرا

ئەم وەزارەتە پەراوێزخراو بوو، بەڵام ناتانیاهۆ بڕیاریدا جارێکی دیکە چالاکی بکاتەوە و دێرمەر لەوێ ئەرکی پرسە ستراتیژییەکانی پێسپێردرا، کە دیارترین ئەرکەکانی ئەمانە بوون:

مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی ئەتۆمی ئێران.

بەهێزکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام و فراوانکردنی بازنەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل.

بەهێزکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا.

ڕۆڵی ڕۆن دێرمەر لە شەڕی غەززە دا

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕۆن دێرمەر بووە ئەندامی ئەنجومەنی جەنگ، ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ناتانیاهۆ و ئیدارەی بایدن لەو ماوەیەدا بینیوە.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت دەڵێت، دوای دەستلەکارکێشانەوەی هەردوو وەزیری ئەنجوومەنی جەنگ، بێنی گانتز و گادی ئایزنکۆت و دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری، یۆئاڤ گالانت، دێرمەر بووە یەکێک لە سێ بڕیاردەرە باڵاکەی بە شەڕی غەززە شانبەشانی ناتانیاهۆ.

لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم ئاماژەی بەوەدابوو؛ ناتانیاهۆ ئەرکی داڕشتنی پلانەکانی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە بۆ “کەمترین ئاست” بە دێرمەر سپێردراوە، کە پلانەکە دوو لایەنی سەرەکی لەخۆگرتبوو:

-کەڵک وەرگرتن لە قەیرانی مرۆیی و گوشارەکانی شەڕ بۆ ڕازیکردنی میسر بۆ ئەوەی ڕێگە بدات فەلەستینییەکان بڕژێنە ناو وڵاتانی دیکەی عەرەبی.

-کردنەوەی ڕێڕەوێکی دەریایی کە ئیسرائیل لە ڕێگەیەوە ڕێگە بە “هەڵهاتنی بەکۆمەڵ” بدات بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا.

بەر لە هێرشی سەر ڕەفەح لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤، دێرمەر لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ ڕایگەیاند؛ سوپا کۆنترۆڵی ڕەفەح دەکات “تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان دژی ئیسرائیلیش بێت بە ئەمریکاشەوە.”

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤، دێرمەر لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا توڕە بووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە، دوای ئەوەی ئاگاداریان کردووەتەوە کە پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی ڕەفەح ناڕاستە، لەکاتی بەرگریکردن لە پلانەکەی ناوبراودەستیکردووە بە هاوارکردن و هەرەشەکردن.

ماڵپەڕی زەمەنی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دێرمەر داکۆکیکار بووە لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، بەپێی ئەو هێڵکارییە فراوانانەی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا خراوەتەڕوو (کە بووە بنەمای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە).

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرایکرد؛ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پلانێکی ئیماراتی-ئیسرائیلیی بۆ ڕۆژی دوای شەڕی غەززە، بەو پێیەی ڕوون بووەوە کە دێرمەر لە ماوەی ڕابردوودا کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی ئەنجامداوە.

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە