عێراق خۆی بۆ بێ کارەبایی ئامادە دەکات
عێراق پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنان هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە، ئەمریکاش لێخۆشبوونەکانی سەبارەت بە کڕینی غازی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە کۆتایی پێهێنا، لە ئێستاشدا، بەغدا دەستی بە کۆبوونەوەی چڕکردووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کارەبا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ کۆتایی بەو لێخۆشبوونانە هێناوە کە بە عێراق دراوە بۆ دابینی غاز و کڕینی کارەبا لەئێران، ئەمەش لەچوارچێوەی هەڵمەتی “زۆرترین فشار” دژی تاران، هەر بۆیە بەغدا خۆی بۆ خراپترین دۆخەکانی هاوینی ئەمساڵ ئامادە دەکات.
حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد؛ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی بەغدا لە کڕینی غازی ئێرانی پێنەگەیشتووە.
گفتوگۆکان بەردەوامن
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی شەفەق نیوز ڕایگەیاندووە، “گفتوگۆ لەنێوان بەغدا و واشنتۆن بەردەوامە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی گرنگی سەقامگیری عێراق وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ سەقامگیری ناوچەکە”.
عەوادی دەڵێت: عێراق پابەندە بە مەرجەکانی بڕیاری ڕاگرتنی لێخۆشبوون لەکڕینی غاز لە ئێران، ستراتیژی درێژخایەنمان داڕشتووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە، بەو پێیەی دەستمانکردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورە لەمچوارچێوەیەدا، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی چاکسازی دارایی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
لەئێستادا عێراق 27 هەزار مێگاوات کارەبا لەڕێگەی وێستگەکانیەوە بەرهەمدەهێنێت، کە زۆربەیان بە غاز کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار توانای بەرهەمهێنانی بۆ 17 هەزار مێگاوات دادەبەزێت.
ئەم بڕە، لە زۆرترین ئاستیدا، پێداویستییەکانی وڵات بە کارەبا دابین ناکات، بەوپێیەی عێراق پێویستی بەزیادکردنی بەرهەمهێنان هەیە تا بگاتە ٤٠ هەزار مێگاوات.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، عێراق پەنای بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لەغازی ئێرانی برد.
قەیرانی کارەبا
عەوادی ئاماژەی بەوەکردووە، “حکومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ خراپترین سیناریۆکان دەکات لەنێویاندا فایلی وزە، لەئێستاشدا کۆبوونەوەی چڕ لە سەرجەم کەرتەکان دەستیپێکردووە بۆ پەرەپێدانی چەندین ڕێگا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کارەبا بە هاوکاری وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت”.
پێشتر و لەئیدارەی جۆ بایدن، چەندین جار لێخۆشبوونیان لەکڕینی غازی ئێران بۆ عێراق نوێکردووەتەوە و داوایان لە بەغدا کردووە پشتبەستن بە کارەبای ئێران کەمبکاتەوە، دواجار وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە ئەم بابەتەی دووپاتکردەوە.
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا داوا لەحکومەتی عێراق دەکات؛ بە زووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران بهێنێت، ئێران دابینکەرێکی وزەی جێی متمانە نییە.
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
ئەم بڕیارەی ئەمریکا بۆ دەستبەرداربوون لە غازی ئێرانی لە کاتێکدایە، کە دانوستانەکانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت تا ئێستا بەچەق بەستووی ماونەتەوە کە هەلێکی گرنگە بۆ دەرباز بوونی بەغدا لەو تەنگژانەی ڕووبەرووی دەبێتەوە.
لەبارەی غازی تورکمانستان وەک جێگرەوەی ئێران، عەوادی وتی “سەرۆک وەزیرانی عێراق، قسەی لەگەڵ هاوتا تورکمانستانیەکەی کردووە، بەڵام دواکەوتنی گەیشتنی غازی ئەو وڵاتە، بەهۆی کۆمپانیای نێوەندگیرەوە بووە”.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەشکرد “عێراق لەبابەتی وزەدا تا ساڵی 2028 هەنگاوەکانی لەم بوارەدا جێگیرتر دەکات و پێویستی بە هاوردەکردنی غاز لەدەرەوە نابێت”.
عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی 50 ملیۆن پێی سێجا غاز لە ئێران هاوردە دەکات، کە سێیەکی بەرهەمهێنانی وزەی ئێران پێکدەهێنێت.

