هەرچەندە حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا ئەمریکا لە کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونی هاردەکردنی غازی ئێرانی ئاگاداری نەکردووتەوە، بەڵام خۆی بۆ پلانی جێگرەوە ئامادە دەکات.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ئاگادارییەکی فەرمی سەبارەت بە کۆتایی هاتنی لێخۆشبوون لەسەر هاوردەکردنی غازی ئێرانی پێنەگەیشتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیران داوای کردووە ئامادەبن بۆ هەر پێشهاتێک کە لەوانەیە لەم دۆسیەیەدا سەرهەڵبدات.
عەوادی باسی لەوەشکرد، ئێستا عێراق 50 ملیۆن پێ سێجا غازی ئێرانی هاوردە دەکات، کە یەک لەسەر سێی بەرهەمی وزەی کارەبای وڵات پێکدەهێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت پلانی جێگرەوەی داڕشتووە لە ئەگەری نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونەکانی سەر غازی ئێران.
ئەوەشی خستەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکمانستان قسەی کردووە سەبارەت بە دواکەوتنی هاتنی غاز لە تورکمانستانەوە کە هۆکارەکەی بۆ کۆمپانیای نێوەندگیر دەگەڕێتەوە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە زووترین کات پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران ڕابگرێت .
ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی ساکاندا دەکات کە دەبنە هۆی دابینکردنی پاڵپشتی ئابووری و دارایی بۆ ئێران.
