دوو تیمی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی پرسی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغدان و ئەمڕۆ لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆ دەبنەوە.
شاندەکانی وەزارەتی دارایی هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتوونەتە بەغدا، کە پێکهاتوون لە بەرێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری وەزیری دارایی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای پارتی، شاندەکەی بە مەبەستی چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە بەغدا.
چوونی شاندی دارایی هەرێم و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لە کاتێکدایە، ههموو ڕێكارهكان و وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تهواو کراون و ئەو تێبینییانەشی هەبوون، سەرجەمیان چاک کراون.
میدیای پارتی ئەوەشی وتووە، بڕیار بوو پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، وەزیری دارایی عێراق ئیمزا لەسەر ناردنی پارەی مووچە بکات، بەڵام وەزیری دارایی لەوێ نەبووە، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت، هەر ئەمڕۆکە تەیف سامی ئیمزاکەی بکات و دەست بە هەنگاوی تەمویلی پارەکە بکرێت.
هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەر لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
هاوکات دوێنێ سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە: وەزیری دارایی عێراق بۆ لیستی موچەی مانگی دوو و مانگەكانی دواتریش، تەئكید لەسەر خێرا ناردنی زانیاریی مووچەخۆرانی هەرێم دەكاتەوە و بۆ تەوتین کردن.
ئاشكراشیكردبوو: كە مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو بە حكومەتی هەرێم دراوە.
