بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەین نرخی كارەبای 24 كاتژمێری لەگەڵ بژێوی هاووڵاتییاندا بگونجێنین و تیمی پڕۆژەی ڕووناکی دەڵێت: پارەكەی 156 دینار نییە، بەڵكو بەپێی بەكارهێنانە و هێشتا ئەزموونییە و بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە.
ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕووناكی سەرپێچییەكانی سەر تۆری كارەبا ناهێڵێت و هاووڵاتییان لە رێگای كورتەنامەوە لە بڕی بەكارهێنراوی كارەبا ئاگاداردەكرێنەوە و لەهەمانكاتدا گرێبەست لەگەڵ خاوەن مۆلیدەكان كراوە بۆ ماوەی شەش مانگ پارەیان پێدەدرێت.
وتیشی، “دوای دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری 370 مۆلیدە لە هەولێر كوژێندراونەتەوە و لە سلێمانی دوای دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ چەند گەڕەكێك 23 مۆلیدە كوژێندراونەتەوە”.
جەختیكردەوە،”هەوڵدەدەین نرخی كارەبای 24 كاتژمێری لەگەڵ بژێویی هاوزڵاتییاندا بگونجێنین و لە هەمانكاتدا كە كارەبا كرایە 24 كاتژمێری خواست لەسەر كارەبا كەمدەبێتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو بازاڕی هەولێر ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیران كاتێك بە پڕۆژەی ڕووناكی ڕازیبووە و پڕۆژەكە باسكراوە، بەو جۆرە ڕازی بووە، كە ئەركی هاووڵاتی قورس نەبێت.
لای خۆشیەوە، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی کە کار لەسەر ئەوە دەکەن کارەبای هەرێمی کوردستان بکەنە 24 کاتژمێری، بڵاویكردەوە، ” ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن نرخی کیلۆواتی کارەبای نیشتمانی دەکرێتە 156 دینار، بەڵکو پارەی کارەبا بەگوێرەی پلەبەندیی بەکارهێنانی کارەبایە.
تیمەکە دەڵێن: بەکارهێنانی کارەبا بۆ 400 کیلۆواتی نرخەکەی کەمترە و خێزانی کەم دەرامەت و ئەوانەی ئامێری کارەباییان کەمە دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەگەر بەکارهێنان بگاتە 800 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی دووەم زیاتر دەبێت؛ ئەگەر 400 کیلۆواتی زیاتر بەکارهات و گەیشتە هەزار و 200 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی سێیەم زیاتر دەبێت.
دەشڵێن: ئەوەش هێشتا ئەزموونییە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغێکی ئەزموونی، لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە 9,000 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کارەبا، پڕۆژەی ڕووناکی لە چالاکیەکانی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەلێک گەڕەکی دیکە لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ئێستادا نرخی كیلۆ واتی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان بە 18 دینارە و بەپێی بەكارهێنان بڕێك زیاتر دەبێت، بەڵام وەك دەوترێت، ئەو گەڕەكانەی بوون بە 24 كاتژمێری نرخی كیلۆواتی كارەبا بووە بە 150 دینار.
