پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، سەرۆك وەزیران كاتێك بە پڕۆژەی ڕووناكی ڕازی بووە، كە ئەركی هاووڵاتی قورس نەبێت و دەشڵێت: بە پڕۆژەكە چەندین مۆلیدە لە شارەكان دەكوژێنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو بازاڕی هەولێر ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا هەموو هەوڵمان ئەوەبووە خشتەیەك دابنێین ئەركی هاووڵاتی قورستر نەبێت و پارەی مۆلیدە لەسەر هاووڵاتی كەمتربێت
ئاشكراشی كرد، كارەبا كە مافێكی سەرەتایی هاووڵاتیانە و گرفتێكی گەورەیە، پڕۆژەی ڕووناكی پڕۆژیەكی ستراتیژی حكومەتی هەرێمە و ستراتیژی حكومەتە سەربكەوێ و هەر ئەمڕۆش چەند گەڕەكێكی دیكەی هەولێر خراونەتە سەر ئەو پڕۆژەیە.
ڕاشیگەیاند، هیوادارین تا كۆتایی ساڵ سەنتەری شاری هەولێر بەتەواوی بكرێتە 24 كاتژمێری.
ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەی ڕووناكی نرخ لەسەر هاووڵاتی گران ناكات، بەڵكو بەپێی بەكارهێنان پارە بۆ هاووڵاتی دێتەوە و لە هەمان كاتدا ژینگە خاوێن دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی چەندین مۆلیدە لادەبرێن.
وتیشی، “سەرۆك وەزیران كاتێك بە پڕۆژەی ڕووناكی ڕازیبووە و پڕۆژەكە باسكراوە، بەو جۆرە ڕازی بووە، كە ئەركی هاووڵاتی قورس نەبێت”.
ئەم قسانەی پارێزگاری هەولێر لەكاتێكدایە، كە لە ئێستادا نرخی كیلۆ واتی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان بە 18 دینارە و بەپێی بەكارهێنان بڕێك زیاتر دەبێت، بەڵام وەك دەوترێت، ئەو گەڕەكانەی بوون بە 24 كاتژمێری نرخی كیلۆواتی كارەبا بووە بە 150 دینار.
